عیراق: لەمانگی ئازاردا نرخی كاڵا‌و پێداویستییەكان دابەزیووە

وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاشكرای دەكات: لەمانگی ئازاردا نرخی كاڵا‌و پێداویستیەكان بەڕێژەی لەسەدا سفر پۆینت 7 دابەزیووە.
 
عەبدول زەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاندوە: دەزگای ناوەندی ئامار بەشێوەیەكی مەیدانی راپۆرتێكی لەبارەی هەڵئاوسانەوە بۆ مانگی ئازاری 2016 ئامادەكردوە‌و نرخی كاڵا‌و خزمەتگوزاریەكانی لە پارێزگاكانی عیراق كۆكردۆتەوە، بەڵام ئەو رووپێویە پارێزگاكانی نەینەوا‌و سەڵاحەدین‌و ئەنباری نەگرۆتوەتەوە. 
راشیگەیاند: بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، ڕێژەی هەڵئاوسان لە مانگی ئازاردا بەراورد بە مانگی شوبات لەسەدا سفر پۆینت 7 دابەزیووە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی خۆراك، خواردنەوە نا كهولیەكان، جلوبەرگ، گواستنەوە، خانووبەرە‌و پێداویستیەكانی ناوماڵەوە تۆماركراوە. وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەرچی لەمانگی ئازاردا ڕێژەی هەڵئاوسان دابەزیووە، بەڵام لەسەر بنەمای ساڵانە‌و بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی 2015 نرخی شمەك‌و خزمەتگوزاریەكان بەڕێژەی سەدا یەك پۆینت 8 بەرزبوەتەوە.