ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە توركیا بەڕێژەی لە سەدا 10 كەمیكردوەو چاوەڕوانیش دەكرێت 8 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری توركیا بگەیەنێت.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا، كەرتی گەشتیاری بەشێوەیەكی بەرچاو پاشەكشێی كردووە، بەشێوەیەك لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئەو ئاستە نزمەی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەوەش لە كاتێكدایە لە مانگی رابردوودا چوونی گەشتیارانی بیانی بۆ توركیا بەرێژەی لەسەدا 10 كەمیكردووەو گەیشتوەتە ملیۆنێكو 650 هەزار گەشتیار.
وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتی كەرتی گەشتیاریی لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو، لەسەدا 16 پۆینت 5 كەمیكردووەو بووەتە 4 ملیارو 66 ملیۆن دۆلار. شارەزایانی ئابوریش پێشبینی دەكەن، ئەمساڵ داهاتی كەرتی گەشتوگوزاری توركیا بەڕێژەی لە سەدا 25 كەمببێتەوەو 8 ملیار دۆلاری ئەمریكی زیان بە ئابووری توركیا بگەیەنێت.