باراك ئۆباما سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداری دا بە رژێمی بەشار ئەسەد گەر هانا بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی ببات دژ بەگەلەکەی ئەوا هەڵەیەکی کوشندە دەکات و رووبەرووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە.
هەروەها ئۆباما روونیکردەوە زۆر راشکاوانە بە ئەسەد و دارودەستەکەی دەڵێم جیهان بەگشتی چاودێرن بەسەرتانەوە، بۆیە پەنا بردن بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی مایەی قبوڵکردن نیە بەهیچ شێوەیەک.
هەر لەدرێژەی قسەکانیدا ئۆباما وتی ئەگەر هەڵەیەکی لەمجۆرە ئەنجام بدەن ئەوا بێ شک و گومان رووبەرووی کاردانەوەی توند دەبنەوەو لێپێچینەوەتان لەگەڵ دا دەکرێت و ناکرێت سەدەی بیست و یەک بەهۆی چەکێکی کوشندەوە لەناو رەشپۆشیدا نقوم بکرێت.
هەروەها سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە بەردەوام دەبێت لەیارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆن و گەلی سوریا بۆ بریاردان لەمەر چارەنووسی خۆیان و یارمەتی دانی مرۆیی تا ئەوکاتەی لەچنگ رژێمی ئەسەد ئازاد دەکرێن.