مەرزی هاوار بەمەرج كرایەوە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرایكرد كە ئەو لیژنەیەی بۆ بڕیاردان لەسەر داخستن یان كردنەوەی مەرزی هاوار پێكهێنرابوو لەنزیكەوە سەردانی مەرزەكەیان كردوەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كۆبونەوە وبڕیار درا بەكردنەوەی مەرزەكە بەروی بازرگانان و كۆڵبەرانی سنورەكەدا، ئەوەش بەگوێرەی چەند مەرجێك.
كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند”دوای ئەوەی بەهۆی دروستبوونی چەند كێشەو ئاڵۆزییەك لە نێوان كاسبكاران و بازرگانانی مەرزی هاوار دروستبوو لەلایەن ئیدارەی ناحیەی بیارەوە بڕیار درا ئەو مەرزە دابخرێت تاچارەسەركردنی گرفتەكان بۆیە زیاتر لەسێ مانگە هیچ كارێكی بازرگانی لەو مەرزەوە ئەنجام نەدراوە.
ڕونیشی كردەوە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەبێ ئاگاداری ئیدارەی ناحیەی بیارەو پارێزگارو قایمقام لەلایەن پاسەوانی سنورەوە مەرزەكە بەڕوی بازرگاناندا كرابۆوە ئەوەش وایكرد كە دانیشتوانی گوندی هاوار نیگەرانی دەرببڕن و بەكۆكردنەوەی( 500) واژۆ داوای داخستنی مەرزەكە بكەن بەڵام لەلایەن پارێزگارو قایمقام ئیداری ناحیەی بیارەوە لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ بڕیاردان لەسەر دووبارەكردنەوەی مەرزەكە یاخود داخستنی بەیەكجاری.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی”دوێنێ پێنجشەممە لەنزیكەوە سەردانی مەرزەكەمانكرد گوێمان لە گرفتەكانی كاسبكاران و دانیشتوانی گوندی هاوارگرت، بۆیە بڕیار درا كە لە ئەمڕۆ هەینیەوە كاری بازرگانی لە مەرزی هاوار بەڕوی كاسبكاران و كۆڵبەرانی سنورەكەدا بكرێتەوە بەمەرجێك لایەنی ئەمنی كۆنتڕۆڵ بكرێت و ئەو كەرەستەو شمەكانەشی لەوێوە هەناردە دەكرێت بپشكنرێن هیچ كێشەیەكیش بۆ دانیشتوانی سنورەكە دروست نەكەن”.
 
 
 
 
سەرچاوە: دواڕۆژی