نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: هەوڵەكان بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی بەردەوامە و هەر هەنگاوێكی لەوشێوەیەش لەڕێگەی بەغداوە دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەهەنگاوەكانی حكومەتەكەی بۆ دەربازكردنی هەرێم لەو قەیرانە دارایی ڕووبەڕووی بووەتەوە، ڕایگەیاند: هەوڵەكان بەردەوامن و وەفدی حكومەتی هەرێمیش لەچەند رۆژی رابردوودا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە لە ئەمریكا بوون ، وتیشی: هەرچەندە تائێستا ئەو هەوڵانە ئەنجامێكی ئەو تۆیان نەبووە، بەڵام بەهاوبەشی حكومەتی عیراق بەردەوامن لەگفتوگۆكردن لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی.
لەبەشێكی تر قسەكانیدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی ناكۆكیە سیاسیەكانی عیراق و ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵوێستی كوردی كرد و رایگەیاند وەكو كورد پێمان وایە دەبێت پشتیوانی لەتێپەڕاندنی قەیرانەكان و هەنگاوەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بكرێت و بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێن، چونكە ئێستا كاری لەپێشینە عیراق بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆرستی داعشە.