رێژەی ئەوانەی كشتوكاڵ دەكەن لە 67%ـەوە دابەزیوە بۆ 16%

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێژەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان كشتوكاڵ دەكەن لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا لەڕێژەی 67%ـەوە دابەزیوە بۆ 16%. دەشڵێت، بەهۆی رێوشوێنەكانیان، هاوردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی توركیا و ئێران كەمیكردووە.



لەكاتی بەشداریكردنی لە پانێڵێكی دیداری مێری لە شاری هەولێر، عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتەكەی كرد بۆ بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، كە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.



وەزیری كشتوكاڵ لەگەڵ رەخنەگرتن لە كابینەكانی حكومەت لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا، رایگەیاند، بەهۆی پشتگوێسختنی كەرتی كشتوكاڵ، رێژەی ئەوانەی وازیان لە كاری كشتوكاڵی هێناوە دەگاتە زیاتر لە 40%، بەجۆرێك لە 67%ـەوە دابەزیوە بۆ 16%.



عەبدولستار مەجید رایگەیاند، لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا وەك حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ گرینگییەكی زۆریان بەو كەرتە داوە و بەشێك لە ئەنجامەكانی ئەو گرینگییەش دەركەوتوون.



وەزیری كشتوكاڵ گوتی “شاندێكی توركیا هاتوونەتە وەزارەت پێیان گوتوون بەهۆی زیادكردنی باج بۆ سەر بەرهەمەكانیان، رێژەی هاودەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 28% كەمیكردووە، دڵنیاشم ئەو رێژە بۆ ئێران زیاترە”.



وەزیری كشتوكاڵ گوتی “لە رابردوو بازاڕی كوردستان ببووە شوێنێك بۆ ساخكردنەوەی بەرهەكانی ئێران و توركیا، بۆیە باجمان لەسەر بەرهەمی دەرەوە دانا لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، ئەوەش وایكرد بەرهەمی ناوخۆ زیاتر ببوژێتەوە”.



بەگوتەی عەبدولستار مەجید لەماوەی ساڵی رابردوودا، بەهۆی ئەوەی دەرگایان بۆ جووتیاران و هاونیشتنامیان كردووەتەوە، توانیویانە پێشوازی لە 1379 كەس بكەن، كە “كەس هەبووە كێشەكەی بۆ 40 ساڵ پێش ئێستا گەڕاوەتەوە”.