حكومەتی هەرێم هەوڵ دەدات رێگایەكی تر بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت و گازی هەرێم بدۆزێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حكومەتی ئێران لە رێكەوتن نزیكبووەتەوە.
تەها زەنگەنە بریكاری وەزیری سامانە سروشتیەكان لە میانەی پانێلێكدا لە دیداری ئابووری میری كە ئەمرۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند: لەگەڵ حكومەتی ئێران لە رێكەوتنی كۆتایی نزیكبوینەتەوە بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئەو وڵاتەوە.
وتیشی: لەداهاتوویەكی نزیكدا لە هەرێمی كوردستان چوار كۆمپانیای نیشتیمانی لە بواری گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و بە بازاركردن و پاڵاوتن دادەمەزرێت.
هەر لە میانی ئەو پانێڵەدا بریكاری وەزیری سامانە سروشتیەكان ئاشكرایكرد: هەرێمی كوردستان لە رێگای كۆمپانیای دانا غاز توانای بەرهەمهێنانی 330 مەتر سێجا لە غازی سروشتی هەیە، تەواوی ئەو غازەش بۆ 12 وێستگەی كارەبا دابیندەكرێت و پلانیشیان هەیە تا كۆتایی 2017 سەرجەم وێستگەكانی كارەبا بە غاز كارپێ بكەن. سەبارەت بە كوالیتی و نرخی سوتەمەنیش تەها زەنگەنە وتی: لە ئێستادا هەموو ئەو دەسەڵاتانەی دراوەتە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و لە دەسەڵاتی سامانە سروشتیەكان نییە، ئەوان لەمەودوا تەنها چاودێری كوالێتیەكەی دەكەن.