پشتیوانی‌ ئاشكرای‌ ئێران بۆ ئه‌سه‌د

له‌كاتێكدا كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا ئێران به‌هاوكاریكردنی‌ ئه‌سه‌د تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، راوێژكاری‌ رابه‌ری‌ باڵای‌ ئێران عه‌لی‌ خامنه‌ئی رایگه‌یاند که‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ هه‌موو توانایه‌‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌ حكومه‌تی‌ سوریا و گه‌له‌كه‌ی‌ ده‌كات.
كه‌ناڵی‌ “العالم” ی‌ ئێرانی‌ له‌زاری‌ عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی‌ راوێژكاری‌ خامنه‌ئی بۆ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ “به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌ناویاندا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌سوریا چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ نین”.
هه‌روه‌ها وتی‌ ئه‌و ئاگاداری‌ قه‌باره‌ی‌ ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ نییه‌ بۆ سوریا، به‌ڵام وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ هه‌موو توانایه‌كیه‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌ حكومه‌ت و گه‌لی‌ سوریا ده‌كات.