ئێران هەرێمی كوردستان بە ناوچەیەكی گرنگی ئابوری دادەنێت

 
حكومەتی ئێران، هەرێمی كوردستان بە ناوچەیەكی گرنگی ئابوری‌و بازاری ساغكردنەوەی كاڵاكانی دەزانێت‌و ئاشكرای دەكات، كە هەرێمی كوردستان بۆتە جەمسەرێكی گرنگ بۆ هاوردەكردنی بەرهەمەكانیان.
 
(مەنسور ساڵح فەڕ) راوێژكاری ئابوری لە كونسوڵخانەی ئیران لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پەیوەندیە هاوبەشەكانی نێوان هەرێم و وڵاتەكەی لە رووی ئابوری و بازرگانیەوە گەشەیەكی باشی كردوە‌و لەئێستاشدا هەرێَمی كوردستان بۆتە هاوردەكارێكی سەرەكی بەرهەم و كاڵاكانی ئێران. 
وتیشی: خۆشحاڵین كە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتەكەیان خوازیاری بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیانەیە، چونكە دۆخی ئێستاو سیاسەتی ناوچەكەش وادەخوازێت، گەشەی زیاتر بەو پەیوەندیانە بدرێت، هەروەها بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ئێرانیش لە ئێستادا زیاد لەهەركاتێكی تر بۆ كاركردن روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بە تایبەت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی.