بانكی ناوەندی ڕێژەی خستنەبازاڕی دۆلاری زیادكرد

بانكی ناوندی عیراق ڕێژەی خستنە بازاڕی دۆلار و فرۆشتنی لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە زیاد دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە ئەمڕۆ 30 بانك و 21 كۆمپانیای حەواڵە دۆلاریان كڕیوە.



بەگوێرەی بەیاننامەیەك، كە بانكی ناوەندی عیراق بڵاویكردۆتەوە، ڕۆژی دوو شەممە بڕی 115 ملیۆن و 453 هەزار دۆلار لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە فرۆشراوە.



ئاشكراشی كردووە، بەراورد بە دوێنێ‌ یەك شەممە بڕەكە زیای كردووە، چونكە ڕۆژی ڕابردوو 106 ملیۆن دۆلاری خستبووە بازاڕەوە



ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لەو زیادكردنە ئاشكرایەدا 30 بانك و 21 كۆمپانیای حەواڵە بەشداریان كردووە و بڕی 90 ملیۆن و 453 هەزار دۆلار بەشێوەی حەواڵە فرۆشراوە و بڕی 25 ملیۆن دۆلاریشی بە شێوەی نەخت فرۆشراوە.



بانكی ناوەندی ڕۆژانە لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە دۆلار دەفرۆشێت بە بانكەكان و كۆمپانیاكانی حەواڵە بۆ خستنە بازاڕ و كەمنەبوونەوەی ئەو دراوە بیانیە لە بازاڕدا، ئەمەش بۆ پاراستنی بەهای دیناری عیراقی ئەنجام دەدات بەو پێیەی ئەو بانكە بەرپرسیارە لە سیاسەتی نەختینەیی و پاراستنی دراوی وڵات.