ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی عێراق‌و کوردستان لە زیاد بووندایە

 
ئاژانسی جیهانی (ڕۆیتەرز) لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بە بەرهەمی نەوتی عێراق دەدات و ڕایدەگەیەنێت، لە 24 ڕۆژی مانگی نیساندا عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 43 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و ئەگەر بەم ئاستەش بەردەوام بێت تا كۆتایی مانگی نیسان ئەوا بە تێكڕایی عێراق لە هەر ڕۆژێكدا 3 ملیۆن و 37 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبووە، ئەوەش ڕێژەیەكی نمونەیی و گەشەیەكی گەورەی بەرهەمی نەوتی عێراقە.
ئاژانسەكە باسیشی لە بەرهەمی نەوتی كوردستان كردووە و بە نیمچە سەربەخۆ ناوی هێناوە و ئاماژەی بەوەداوە، لە مانگی نیساندا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، ئەوەش ڕێژەیەكی گەشەكردووە بەراورد بە مانگی ئازار، كە ڕۆژانە 327 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنابوو.