عیراق و کۆمپانیای جێنراڵ ئێلیکتریک “ڕێکەوتنامەیەکی ستراتیژی” واژۆدەکەن

وەزارەتی نەوتی عیراق واژۆکردنی “ڕێکەوتنامەیەکی درێژخایەتی ستراتیژی” لەگەڵ کۆمپانیای جێنراڵ ئێلیکتریکی ئەمریکی  لەبواری بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا ڕاگەیاند. 



بەپێی ڕۆیتەرز، وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ڕێکەوتنامەکە چەندین پرۆژە لەخۆدەگرێت بۆ باشترکردنی وزەی کارەبای نیشتیمانی و یەکێک لەپرۆژەکان زیاتر لە (400) مێگاوات کارەبا بۆ وەرزی هاوین لەڕێگای بەکارهێنانی سووتەمەنییەوە  بەرهەمدەهێنێت.



ئامانجی هەندێک لە پرۆژەکانی دیکە بریتیە لە چاککردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی غازی سروشتی کێڵگە نەوتیەکان و سوودوەرگرتن لە غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ بەکارهێنان لە بواری پیشەسازی و کەرتی ووزەدا. 



بەڵام وەزارەتەکە بەها و ماوەی ڕێکەوتنامەکەی دەستنیشاننەکردووە ، تەنها ئەوەندەی ئاشکراکردووە کە ڕێکەوتنامەکە بەرهەمی دووساڵ لە دانوستاندنە. 



هەرچەندە عیراق دەوڵەتێکی سەرەکی ڕێکخراوی دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت (ئۆپیکە) بەڵام کێشەی بڕان و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی کێشەیەکی درێژخایەنە بەهۆی دەیان ساڵ لە شەڕ و گەمارۆی ئابووری و کەمتەرخەمیەوە.