وه‌زیرى كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانى ئاو: پڕۆژه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ زۆربه‌یان وه‌ستاون

 
وه‌زیرى كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان “عه‌بدولستار مه‌جید” ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌  له‌هه‌ندێك به‌رهه‌مى وه‌ك گه‌نم‌و په‌تاته‌و پیازدا هه‌رێم گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستى خۆبژێویى‌و زۆربه‌ى پێداویستییه‌كانى گۆستى سورو سپیش له‌ناوخۆدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت، ئه‌و ده‌ڵێت “جۆرێك له‌په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى به‌مه‌به‌ستى گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازى خۆراك”.
“عه‌بدولستار مه‌جید” به‌گۆڤارى بازرگانى‌و پیشه‌سازى راگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ به‌مه‌به‌ستى رێكخستنه‌وه‌ى كاره‌كانى، ئه‌و وتى “كۆمه‌ڵێك هه‌نگاومان ناوه‌، كه‌ گرنگترینیان بریتییه‌ له‌ده‌ركردنى رێنمایى بۆ چۆنیه‌تى دانان‌و لابردنى به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان”.
وتیشى “له‌مه‌ودوا میكانیزمێك په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رج دانراوه‌ بۆ دانان‌و لابردنى به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان، ئامانج له‌م هه‌نگاوه‌ش ئه‌كتیڤ كردنى رۆڵى وه‌زاره‌ته‌كه‌مان‌و دانانى كه‌شى شایسته‌یه‌ له‌شوێنى شایسته‌”.
ناوبراو جه‌غتى له‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ هه‌نگاوێكى دیكه‌یان بریتى بوه‌ له‌دانانى باج له‌سه‌ر هاورده‌ كردنى میوه‌و سه‌وزه‌و به‌روبومى كشتوكاڵى به‌مه‌به‌ستى پاراستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى، بۆ ئه‌وه‌ى جوتیاران هانبدرێن كه‌ واز له‌كارى كشتوكاڵى نه‌هێنن‌و سوود له‌به‌روبوم‌و ره‌نج‌و ته‌قه‌لایان ببینن، ئه‌و وتى “ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ پاڵپشتى جوتیاران‌و هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌ناوخۆدا خه‌ریكى كشتوكالأ كردنن”.
وه‌زیرى كشتوكاڵو سه‌رچاوه‌كانى ئاو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌رێمى كوردستاندا زه‌مینه‌ له‌باره‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازى خۆراك، به‌ڵام تا ئێستا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌شێوه‌یه‌كى رێكخراو هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌لأ وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى نییه‌.  ئه‌و وتى “به‌ڵام له‌م روه‌وه‌ به‌پێى توانا هه‌نگاومان ناوه‌، ئێستا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌مان له‌جێبه‌جێكردندان، یه‌كه‌میان پڕۆژه‌ى شیره‌مه‌نییه‌ كه‌ دامانه‌وێ پێداویستى هه‌رێمى كوردستان بۆ شیره‌مه‌نى له‌ڕێگه‌ى وڵاتى خۆمانه‌وه‌ دابین بكه‌ین‌و له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنیدا بۆ دابین كردنى پێداویستى شیر پێویستمان به‌ده‌ره‌وه‌ نابێت. دووه‌میان پڕۆژه‌ى ماسییه‌، كه‌ كۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌ ده‌یه‌وێت هێنده‌ى پێداویستییه‌كانى كوردستان ماسى نه‌رویجى به‌رهه‌مبهێنێت كه‌ باشترین جۆرى ماسى جیهانه‌. پڕۆژه‌ى سێهه‌میان كێڵگه‌ى وشترمورغه‌ كه‌ كێڵگه‌یه‌كى نایابه‌و تا ئێستا نه‌توركیا هه‌یه‌تى‌و نه‌ئێران‌و نه‌عێراق‌و نەسوریا. پڕۆژه‌ى چواره‌میان كۆمه‌ڵێك كارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى قارچكه‌ كه‌ تواناى دابین كردنى پێداویستییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ قارچك ده‌بێت”.
وتیشى “به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى ئه‌م پڕۆژه‌ گه‌ورانه‌ ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌نیازین قه‌رزى تایبه‌ت له‌بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تییان بده‌ین‌و پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ بكرێن، بۆ ئه‌مه‌ش داوامان له‌حكومه‌ت كردوه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندى بنوێنن بۆ ئه‌وه‌ى قه‌رز له‌بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ین”.
عه‌بدولستار مه‌جید ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئێستا له‌هه‌ندێك به‌رهه‌مى گه‌نم‌و په‌تاته‌و پیازدا گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستى خۆبژێویى‌و 70% بۆ 75%ى پێداویستییه‌كانى گۆشتى سور له‌هه‌رێمدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت‌و به‌رهه‌مهێنانى مریشكیش له‌ئاستێكى زۆر به‌رزدایه‌و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى پێداویستییه‌كان له‌ناوخۆدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. 
ناوبراو ئه‌وه‌ى رونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوى جێى هیوان روه‌و هه‌وڵدان بۆ دابینكردنى خۆبژێویى، ئه‌و وتى “ئێمه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ژووره‌كانى بازرگانى دانیشتون پێمانوتون هاوكاریتان ده‌كه‌ین كارگه‌ى له‌قوتونان دابنێنن،
له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆرجار جوتیارى خۆمان به‌روبومه‌كانى خه‌سار ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ئامڕازى له‌قوتان نییه‌”.
وتیشى “جۆرێك له‌په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى به‌مه‌به‌ستى گه‌شه‌دان به‌پیشه‌سازى خۆراك، كۆمه‌ڵێك كۆڕ‌و سمیناریش له‌و باره‌وه‌ سازكراون، به‌ڵام پێویسته‌ كاراتربین‌و به‌رنامه‌ى باشتر دابنێین بۆ ئاینده‌”.
وه‌زیرى كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانى ئاو جه‌غتى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ رێكخستنى نێوان بازرگانى‌و پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ كارێكى قورس‌و ئاڵۆزه‌، چونكه‌ هه‌ندێكجار رێگه‌گرتن له‌هاورده‌ كردن خراپ ده‌كه‌وێته‌وه‌و خراپ به‌كارده‌هێنرێت بۆ گرانكردنى به‌روبومێكى دیاریكراو، ئه‌و وتى “بۆ نمونه‌ كارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى قارچك له‌هه‌ولێر هه‌بوو، ئێمه‌ رێگه‌مان له‌هاورده‌ كردنى قارچك له‌ده‌ره‌وه‌ گرت، به‌ڵام ئه‌و هات به‌رهه‌مه‌كه‌ى زۆر گران كرد، ناچار بوین سنوره‌كان بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زۆر له‌سه‌ر به‌كاربه‌ر نه‌كه‌وێت”.
عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ هاوكارى زۆرێك پڕۆژه‌ى سوودبه‌خشى خۆراكى بكه‌ن، به‌تایبه‌تى پڕۆژه‌ى شیره‌مه‌نى، ئه‌و وتى “له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ كارئاسانی بۆ خاوه‌ن پڕۆژه‌كان بكه‌ین،‌و شوێنیان بۆ دابین بكه‌ین، به‌ڵام له‌ڕووى مادییه‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ له‌ئاستى پێویستدا پشتگیرییان بكه‌ین”.
وتیشى “قه‌یرانى دارایى كاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونى كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هه‌بووه‌، پڕۆژه‌كانى په‌یوه‌ست به‌وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ئێستا زۆربه‌یان وه‌ستاون”.
 
ئا:ڕێژەن