پیشه‌سازی ئۆتۆمبێلی ئه‌ڵمانی دووچاری گرفت بۆته‌وه‌

 
كۆمپانیاكانی بەرهەمێنانی ئۆتۆمبیلی ئەڵمانی بەسه‌دان هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌ بازاڕه‌كان ده‌كشێنرێنه‌وه، كۆمپانیاكانی ئه‌ودی و ئۆپڵ و ڤۆڵكس واگن 630 هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌ بازاڕه‌كان ده‌كێشنه‌وه‌ به‌هۆی بوونی گرفت له‌ سیسته‌می پێوانه‌كردنی ئاستی ده‌ردانی گازه‌ پیسكه‌ره‌كان، به‌هۆی ئه‌و رووداوه،‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی و حكوومه‌تی ئەڵمانیا به‌ گشتی دووچاری ره‌خنه‌ی توند بوونه‌ته‌وه‌.
ستیڤان براتزیل، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری تینك تانك بۆ ئۆتۆمبێل دەڵێت: “به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ چه‌ند سالی رابردوو دا خه‌ریكه‌ كولتووری گوێ پینه‌دان بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌، كاتی خۆی ‌ ئابڕووچوونه‌كه‌ی ڤۆڵكس واگن له‌ ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا كرا، دوای ماوه‌یه‌كی دریژ ئینجا ئه‌ڵمانه‌كان تێگه‌یشتن چی روویداوه”.‌
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هیشتا ڤۆڵكس واگن له‌ شۆكی ئابڕووچوونی فێڵكردن له‌ پێوانه‌كردنی ده‌ردانی گازه‌ پیسكه‌ره‌كان ده‌رنه‌چووه‌ و كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاندووه‌، نازانن ئه‌و رووداوانە چه‌نده‌ زیانی ئابووریی لێداون به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌ی خه‌مڵاندوه‌ له‌ 2015 دا 18.3 ملیار دۆلار زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.
ستیڤان براتزیل دەشڵێت: ” ئه‌وه‌ی ڤۆڵكس وانگن نمونه‌یه‌كی بچووكه‌ بۆ جیهان، كۆمپانیاكانی دیكه هه‌مان هه‌ڵه‌یانكردووه‌، كۆمپانیای مسیۆبۆش رایگه‌یاندووه‌ ئه‌وان هه‌ڵە‌یان كردوه‌ و فێڵیان كردووه‌، زۆر كۆمپانیای دیكه‌ كاری له‌و جۆره‌یان كردووه‌، ئایا سیاسییه‌كان وه‌ك پێویست هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن؟ تا ئیستا نه‌خێر”.
گرفته‌كانی پیشه‌سازی ئۆتۆمبێل و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ شوینه‌واری ئابڕووچونه‌كه‌ی ڤۆڵكس واگن هیشتا تانه‌یه‌كی تاریكن له‌سه‌ر بۆیاخی سپی پیشه‌سازی ئۆتۆمبێلی ئه‌ڵمانی.