لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، قاسم سلێمانی بەنهێنی سەردانی هەولێری كردووە

 
بەپێی هەواڵێكی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (ئاوێنە) هەفتەی رابردوو فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بەشێوەیەكی نهێنی سەردانی شاری هەولێری كردووەو لەگەڵ كاربەدەستانی هەرێم كۆبوونەوەی كردووە.
ڕۆژنامەی ناوبراو لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسیەوە بڵاویكردۆتەوە، بەرواری (27/11) وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆكایەتی (قاسم سلێمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودس و نوێنەری رابەری رۆحی ئەو ووڵاتە بۆ كاروباری ئەمنی و سیاسی بەنهێنی و بەفڕۆكەیەك سەردانی شاری هەولێری كردووەو لەگەڵ هەریەكە لە (تاڵەبانی و بارزانی و نێچیرڤان و بەرهەم ساڵح) و چەند ئەندام مەكتەب سیاسییەكی هەردوولا كۆبۆتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە، (سلێمانی) مەترسیداری بارودۆخەكەی لەبەرپرسانی كورد نەشاردۆتەوە، بەڵام دڵنیای كردوونەتەوە كەئێران ڕێگەنادات جەنگ لەنێوان هەردوولایان دروست ببێت.
جێگەی باس كردنە (قاسم سلێمانی) لەكاتێك سەردانی هەولێری كرد، (عەلی لاریجانی) سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێران لەشاری بەغدابوو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی كۆبوونەوەی لەبارەی چەند پرسێك و بەتایبەت ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا سازكردبوو.