بانکی ناوەندی عیراق، بڕی ١١٠ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، ئەوەش بەراورد بە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو کە ١٠٦ ملیۆن دۆلار بوو، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕە بەرانبەر پێداویستی بازاڕ، بە بڕێکی کەم دادەنرێت.
بانکی ناوەندی عیراق لە بەیاننامەیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە، بڕی ١١٠ ملیۆن و ٦٣٧ ھەزار دۆلاری بە نرخی ١١٨٢ دینار بۆ دۆلارێک فرۆشتووە، لە پرۆسەی فرۆشتنەکەشدا، ٢٨ بانک و ٢١ کۆمپانیای حەواڵەی دارایی بەشدارییان کردووە.
ھەر لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: “فرۆشتنی دۆلار بە کۆمپانیاکانی حەواڵەی دارایی گەیشتووەتە ٩٤ ملیۆن و ٧٨٧ ھەزار دۆلار، ١٥ ملیۆن و ٥٥٠ ھەزار دۆلاریش بەشێوەی کاش فرۆشراوە”.
بانکی ناوەندی لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر فرۆشتن و کڕینی دۆلار بە بەھای ١١٨٢ دینار کردەوە، بەھای فرۆشتنی دۆلاریشی بۆ کۆمپانیاکانی حەواڵەی دارایی بە ١١٩٠ دینار بۆ دۆلارێک دیاریکرد کە عمولەی ٢٤ دینار بۆ ھەر دۆلارێکی لەگەڵدا بووە، فرۆشتنیش بە شێوەی کاش بە بەھای ١١٨٢ دینار بووە بۆ دۆلارێک کە ٢٤ دینار بۆ ھەر دۆلارێک، عمولەی بانکی ناوەندی لەگەڵدابووە.
بەپێی ئامارێکی بانکی ناوەندی عیراق، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ تا ١٥ی ئەم مانگە، بانکی ناوەندی نزیکەی ٩ ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشکرای دراوە بیانییەکاندا فرۆشتووە.
ماوەیەکە بەھای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەمرۆِش بەھای ١٠٠ دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی بە ١٢٩ ھەزار و ٢٥٠ دینار بوو.