بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە- لقی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ماوەیەكی زۆرە برنجی بەشەخوراكمان بۆ نەهاتووە تا دابەشی بكەین، لەسەر بڕیاری پێدانی برنج بۆ هەر نەفەرێك، كە یەك كیلۆ و نیو دابەشكرا ڕوونكردنەوە دەدات.
ئەمین محەمەد ؛بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە- لقی سلێمانی ڕاگەیاند، ماوەیەكی زۆرە برنجی بەشەخۆراكی هاوڵاتیانمان بۆ نەهاتووە، تا بتوانین وەك پێویست دابەشی سەر بریكارەكان بكرێت.
وتیشی: “لە بارەی پێنەدانی برنج بە هاوڵاتیان پەیوەندیشمان بە وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە كردوە، پێمان دەڵێن هێشتا ئەو كەشتیانە نەگەیشوون، كە برنجی عیراقیان بار كردوە، بۆیە چاوڕێین”.
ڕاشیگەیاند، لەماوەی ڕابردوو بڕی هەزار و 100 تەن برنجی بەسمەتی هات، كە ئێمە بۆ مانگێك پێویستمان بە دوو هێندە زیاترە، بۆ ئەو مانگە تەنها ئەوەندەمان بەدەست گەیشت، بۆیە بڕیارمان دا بۆ هەر نەفەرێك بڕی یەك كیلۆ و نیو بدرێت تا زۆرترین هاوڵاتی برنجەكەی بەر بكەوێت.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هاتنی نیوە دووەمی برنجەكە، ڕاستەوخۆ یەك كلیۆ و نیوی دیكەش دابەشدەكرێت، بەمەش هەموو هاوڵاتیان لە برنجی بەسمەتی سودمەندبوون.