ماردین؛ به‌ چاودێریی وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاوی ھه‌رێم سێیه‌مین پێشانگای کشتوکاڵی کرایه‌وه‌

 
 “عه‌بدولستار مه‌جید” وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو به‌ یاوه‌ریی شاندێکی باڵا سه‌ردانی شاری ماردینی له‌ تورکیا کرد.
 
له‌ ده‌ستپێکی سه‌ردانه‌که‌یدا کارگه‌ی کارابۆگای بۆ به‌ھه‌مھێنانی گه‌نم به‌سه‌رکرده‌وه‌ و له‌ نزیکه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ر و ستافی ئیداری و ته‌کنیکی کارگه‌که‌ گوێی له‌ پوخته‌ی کارکردن و به‌رھه‌مھێنان و پشکنینی گه‌نمی کرد، دواتر سه‌ردانی کارگه‌ی ئولی بۆ به‌رھه‌مھێنانی مه‌که‌رۆنه‌ کرد و به‌ قۆناغه‌کانی به‌رھه‌م ئاشنابوو و به‌شه‌کانی کارگه‌که‌شی به‌سه‌رکرده‌وه‌.
 
له‌ رێوره‌سمێکدا وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاو به‌ ئاماده‌بوونی شادی یاوه‌ری و ھه‌ریه‌ک له‌ عومه‌ر فاروق قۆچاغ والی ماردین و ئه‌حمه‌د تورک سه‌رۆکی شاره‌وانی و ژماره‌یه‌ک له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕان و بزنسمانانی تورکیا، سێیه‌مین پێشانگای کشتوکاڵیی ماردینی کرده‌وه.
 
له‌ رێوڕه‌سمه‌که‌دا سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی رێکخستنی پێشانگایه‌که‌ وتاری به‌خێرھێنان خوێنرایه‌وه‌ که‌ به‌گه‌رمی به‌خێرھاتنی وه‌زیرو شاندی یاوه‌ری کراو کورته‌ باسێک ده‌رباره‌ی پێشانگایه‌که‌ پێشکه‌شکرا، دواتر سه‌رۆکی شاره‌وانی و والی ماردین و فه‌رمانگه‌ی بازرگانی ئه‌و شاره‌ وتاریان پێشکه‌ش کرد و خۆشحاڵی خۆیان به‌ ئاماده‌بوونی میوانان دووپاتکرده‌وه ‌وھیوایان خواست که‌ په‌یوه‌ندیی نێوان ھه‌رێمی کوردستان و شاری ماردین له‌ رووی ھاوکاری و ھه‌ماھه‌نگیی کشتوکاڵیدا زیاتر په‌ره‌بسێنێت.
 
ئاماژه‌شیان به‌و ره‌وشه‌ ئاڵۆزه‌ی ئێستای ناوچه‌که‌ کرد که‌ کاریگه‌ریی نه‌رێنی کردۆته‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی ھاووڵاتیان و تێکدانی ئابووریی وڵات به‌ تایبه‌تیش بۆ سه‌ر که‌رتی کشتوکاڵ و به‌رھه‌مھێنان له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا، ھیواشیان خواست که‌ ھه‌رچی زووه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ری دۆخه‌که‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ھه‌وو لایه‌ک.
 
دواتر عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاوی ھه‌رێم وته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد دوای نواندنی سوپاسگوزاری بۆ رێکخه‌رانی ئه‌م پێشانگایه‌و بانگھێشتکردنی له‌گه‌ڵ شاندی یاوه‌ری بۆ ئاماده‌بوون و چاودێری کردنه‌وه‌ی پێشانگاکه‌، ئاماژه‌ی به‌ ھه‌ندێ به‌رنامه‌ و پلانی وه‌زاره‌ت کرد که‌ ھه‌نگاوی بۆ ھه‌ڵێنراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی سێکته‌ری کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاو له‌ ھه‌رێمی کوردستاندا، دووپاتیشی کرده‌وه‌ که‌ به‌راستی ئه‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ھه‌یه‌ و زیانی به‌ جووتیاران و به‌رھه‌می خۆماڵی گه‌یاندووه‌.
 
ستایشی رۆڵی کۆمپانیا تورکییه‌کانی کرد که‌ له‌ ھه‌رێمی کوردستان وه‌به‌رھێنان ده‌که‌ن و ھیوای خواست که‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ زیاتر په‌ره‌ بسێنن و ئابووری تورکیا و ھه‌رێم زیاتر گه‌شه‌ بکات بۆ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی ھه‌ر دوولا.
 
سێیه‌مین پێشانگای کشتوکاڵی  له‌ مۆڤا پارک له‌ شاری ماردین به‌ به‌شداریی ١٢١ کۆمپانیای کشتوکاڵی تورکی له‌ رۆژانی ٢١-٤ تاکو ٢٤-٤-٢٠١٦ به‌رده‌وام ده‌بێت و تێیدا که‌لوپه‌ل و ئامێری کشتوکاڵی و به‌رھه‌می خوارده‌مه‌نی و خۆراک و سامانی ئاژه‌ڵ نمایش ده‌کرێت.