عێراق بە سەدان ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردن خەرج کردووە

 
وەزارەتی پیشەسازیی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند عێراق لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 321 ملیار دۆلاری ئەمریکی خەر کردووە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بەردەستیی.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پیشەسازیی و کانزاکانی عێراق، عەبدولواحید ئەلشممەریی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: “ئابووریی عێراق ئابوورییەکی تەنیا بەکارهێنەرە و عێراق بە درێژایی ساڵانی رابردوو نزیکەی 321.6 ملیار دۆلاری خەرج کردووە واتا نزیکەی 57% تێکرای داهاتی نەوتی بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی جۆراوجۆر لە دەرەوە خەرج کردووە”.
عەبدولواحید ئەلشممەریی گوتیشی: “وەزارەتی پیشەسازیی  داوای پەیڕەوکردنی دروشمی دروستکراوی عێراقە دەکات لەپاڵ ئامادەکاریی بۆ ستراتیجییەکی کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەن بۆ زیندوکردنەوەی کەرتی پیشەسازیی و ئەم هەنگاوانە پێویستیان بە کۆمەڵێک رێوشوێنی حکوومەتیی و یاسایی و جەماوەریی و پاڵپشتیی راگەیاند هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نێوخۆیی”.