بڕیارە لە 23ی حوزەیران لە بەریتانیا، گشتپرسی بۆ دەرچوون، یان مانەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ئەنجامبدرێت، ئەنجامدانی ئەو گشتپرسیە نیگەرانی بازرگانانی ئەو وڵاتەی لێکەتووەتەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیش بەهای پاوەند بەردەوام رووی لە دابەزین بووە، لەماوەی سێ مانگی رابردووش، بەهای ئەو دراوە بەڕێژەی 10% پاشەکشەی کردووە و، ئابووریناسانیش پێشبینی داتەپینی زیاتری پاوەند دەکەن.
ئەنجامدانی گشتپرسی و ئەگەری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بازرگانانی بەریتانیای نیگەران کردووە، چونکە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە هۆکاری لەدەستدانی ئالوگۆڕێ بازرگانی نێوان بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی دادەنێن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی گشتپرسی بەردەوام بازاڕی دراوی ئەو وڵاتە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەجۆرێک کە نرخی پاوەند کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە یۆرۆ تۆمار کرد و لە 7-4-2016 گەیشتە نزمترین ئاست.
سام، كە بازگانە و خاوەنی کۆمپانیایەکی گەورەی دراو دەڵێت “نرخی پاوەند لە چەند مانگی رابردوودا بەهای پاوەند بە بەردەوامی لە گوڕانکارییدا بووە، بەڕێژەی لە 10% دابەزیووە، ئەو گوڕانکارییە هەر بەردەوامە، ئەگەر لە ئەنجامدا بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەرچێت، زۆر دیار نییە کە بەهای پاوەند چی لێدێت بەڵام ئەگەر هاتەدەرەوە زۆرتر نرخی پاوەند دابەزێت”.
ساڵانە نزیکەی 18.82 ملیۆن گەشتیار روو لە بەریتانیا دەکەن، کە خەرجییەکانیان بە نزیکەی سێ ملیار پاوەند دەخەمڵێندرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە ساڵی 2025 داهاتی بەریتانیا بۆ کەرتی گەشتیاریی بگاتە 157 بلیۆن.
ئیبراهیم، بازرگانی کورد لە بەریتانیا ئاماژە بەوە دەكات “ئەگەر بەریتانیا ئەو بڕیارە بدات وا دەکات کە خەڵک نەتوانن بە ئاسانی بێنە بەریتانیا و پیویستیان بە ڤیزە دەبێت، ئەمە وا دەکات کە کارکردن لە لەندەن کەم بێت و خەڵک نەیەنە ئێرە بۆ پارە خەرجکردن”.
ئەگەر لە گشتپرسیەکەی 23ی حوزەیرانی2016 بەریتانیا بڕیاری دا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە، ئەوا ئەگەری داتەپینی پاوەندی بەریتانی و ئابووریی بەریتانیا ئەگەرێکی بەهێز دەبێت پێشبیش دەکرێت دەیان ملیارد پاوەند زیان بەر داهاتی ئەو وڵاتە بکەوێت.