بەپێی رەشنووسێکی رێککەوتننامەی دەوحە کە دەست میدیاکان كەوتووە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتان تاوەكو مانگی 10 نابێت لە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتانە لە مانگی یەکی ئەمساڵ زیاتر بێت.
بەپێی ئەو رەشنووسە، تاوەكو یەکەم رۆژی مانگی 10 دەبێت وڵاتان پابەندبن بە سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان لە ئاستەکانی مانگی یەک، دوای ئەوەش بەرهەمهێنەرانی نەوت لە مانگی 10 لە رووسیا کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی تاووتوێی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو رێککەوتننامەیە بکەن.
هەرچەندە کۆدەنگییەکی بەهێز لەنێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت بەدیناکرێت، بەڵام نوێنەرانی وڵاتانی بەرهەمهێنەر گەشبینن بە گەیشتن بە جۆرێک لە رێککەوتن لەسەر سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 17-4-2016، 15 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبونەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بدۆزنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە 20 مانگی رابردوودا نزیکەی 60% ی بەهای خۆی لەدەستداوە.