کۆمپانیای پترۆکیمیای ئێران داوادەکات ژووری بازرگانی سلێمانی کاربکات بۆ بەهێز کردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەنێوان هەردوولادا
لەکۆبونەوەیەکی نێوان زەهرا علی محەمەدی نوێنەری کۆمپانیای پترۆکیمیای ئێران و ئازاد شمقار نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە سێ هەمین ڕۆژی دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ئێران بەڕێوەچوو تیایدا گفتوگۆکرا لەسەر ڕەوشی بازرگانی لەنێوان سلێمانی و تاراندا.
لەو کۆبونەوەیەدا ئازاد شمقار ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوام هاوکاری سەرجەم کۆمپانیا ئێرانیەکان دەکات کەدێنە سلێمانی هەموو کار ئاسانییەکیان بۆکراوە بەڵام وڵاتی ئێران تائێستا ئەو هاوکارییەی نەکردووە بۆ کۆمپایاکانی شاری سلێمانی کاتێک خاوەنەکانیان دەیانەوێت لەووڵاتی ئێران لقی خۆیان بکەنەوە کەئەماش بۆتە هۆکارێک زۆربەی کۆمپانیاکان سادببنەوە لەکارکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بۆیە پەنا دەبەنە بەر وڵاتی تورکیا و بازرگانیان لەگەڵدا دەکەن و لقی خۆشیان دەکەنەوە”
ئاماژەی بەوەشدا کەپێویستە کاربکەن بۆئەوەی هانی کۆمپانیا ئێرانیەکان بدرێت کارگەکانیان بهێنن بۆ ناو شاری سلێمانی نەک بەتەنها بەرهەمەکانیان دەروست بکەن و لەڕێگەی بازرگانانەوە هەناردەی بکەن بۆ شارەکانی کوردستان.
لای خۆشیەوە زەهرا علی محەمەدی نوێنەری کۆمپانیای پترۆکیمیای ئێران ڕایگەیاند، بەهەمووشێوەیەک کاردەکەن بۆ ئەوەی دەوڵەت لەو کێشانە ئاگادار بکەنەوە و پەیوەندیە بازرگانیەکان بەهێزتربکەن لەنێوان هەردولادا.