داوای زیادكردنی پێدانی پارەی مراندنی پاسە مۆدیڵ كۆنەكان دەكرێت

 بەهۆی كەمیی بڕی ئەو پارەیەیەی كە لە بەرانبەر مراندنی پاسە كۆنەكان بە خاوەنەكانیان دەدرێت، بەدەمەوەهاتنی شوفێران بۆ مراندنی پاسە كۆنەكانیان ساردە و بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، داوای زیادكردنی ئەو پارەیەمان كردووە. 
 
بەڕێوەبەری گواستنەوەی شاری سلێمانی، عومەر ئەحمەد، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاندوە:ماوەیەكە دەمانەوێت هەم بۆ لایەنی ژینگە و هەم وەك رۆیشتن لەگەڵ سەردەم و خزمەتكردن بە بواری هاتوچۆی هاووڵاتیان پاسە كۆنەكانی گواستنەوە لە شاری سلێمانی بۆ مۆدێلی نوێ‌ بگۆڕین. لەو روەشەوە حكومەتی هەرێم بڕیاری دا كە لەبەرانبەر مراندنیان و كڕینی پاسی مۆدێل نوێ‌ 3 هەزار دۆلار بە بێ‌ بەرانبەرو لێوەرگرتنەوە  بە شوفێری پاسە كۆنەكان بدات، بەڵام بەهۆی كەمی پاره‌یه‌، بەدەم هاتنی داواكە ساردە و وەك پێویست نیە.
 
عومەر ئەحمەد، گوتی، لەو روەوە لیژنەیەك لە ئێمە و سەندیكای شوفێران و پارێزگای سلێمانی و پۆلیسی هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندارەكانی‌دیکه‌ پێكهاتووە و لە گفتوگۆ كردنماندا وامان بە باشزانی كە بڕی پارەكە بكرێتە 6 هەزار دۆلار واتە دوو هێندەی پێشوو زیاد بكرێت و شوفێرەكەش لەكاتی مراندنی پاسەكۆنەكەی بۆی هەبێت سود لە كەلوپەلە كۆنەكانی پاسەكە وەربگرێت و بیانفرۆشێتەوە و لە كاتی كڕینی پاسێكی نوێش لە پارەی پلێت و ژمارەی پاسە و گومرگ ببەخشرێت و لێی نەسەنرێت.
 
عومەر ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد هەموو ئەو پێشنیار و داوكاریانەمان كردووه‌تە كۆنوسێك و داومانەتە پارێزگاری سلێمانی بۆ ئەوەی ئەویش لە رێگەی خۆیەوە بیداتە ئەنجومەنی وەزیران. لەو روەوە ئێمە چاوەڕێی ئەنجام و وڵامی داواكاریەكانمان دەكەین.