سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى باس لەوە دەکات دۆخى هەردوو کەرتى بازرگانى و پیشەسازى ڕووى لە پاشەکشە کردووە و پێویستە حکومەتى هەرێم کار بە یاساى بازرگانى عێراق بکات، تاوەکو لە هەرێمەوە کاڵا هەناردەى ناوچەکانى خواروو بکرێت. سیروان محەمەد لە دیدارێکى دواڕۆژدا ئاشکراشیدەکات، بەرپرسانى ڕۆژئاواى کوردستان داواى کەرەستەى بیناسازیان لە سلێمانى کردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەى شارەکانى ڕۆژئاوا، بەڵام بەهۆى داخستى سنورى نێوان باشور و ڕۆژئاوا ناتوانرێت کاڵاکان ڕەوانە بکرێ.
دواڕۆژ: دۆخى بازرگانى و پیشەسازى لە چ ئاستێکدایە؟ لەئێستادا ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى چۆنە؟ ئایا ڕووى لە پاشەکشە کردووە؟
سیروان محەمەد: ئاستى بازرگانى و پیشەسازى بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو پاشەکشەى بەرچاوى بەخۆوە بینوە، بەهۆى ئەوەى ئابورى کوردستان چەسپاو نیە و بەردەوام ڕوو لە گۆڕانە، جگەلەوە ئەو یاسایەى حکومەتى عێراق لە بازرگانی و خاڵە سنوریەکان پەیڕەوى دەکات، تائێستا هەرێمى کوردستان پابەندنییە پێوەى، ئەمەش بۆتە هۆى کەمبوونەوەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەرێم و ناوچەکانى خوارووى عێراق، داواکارین بە زوترین کات حکومەتى هەرێم چارەسەرى ئەم کێشەیە بکات تا بازرگانەکان کاڵاکانیان بە ئاسانى هەناردەى خوارووى عێراق بکەن.
دواڕۆژ: ئەو کاڵایانە کامانەن ئێستا لە بازاڕدا زۆرترین خواستى لەسەرە و دەهێنرێتە ناوەوەى هەرێم؟
سیروان محەمەد: سەرجەم کاڵاکان بەردەوام هاوردە دەکرێن، بەڵام بە ڕێژەى 30%ى کەمى کردووە زیاتر مەوادى خۆراکى هاوردە دەکرێت، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە پەرە بە زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ بدەین و هەلى کار بڕەخسێنین، چونکە بەرهەمى خۆمان زیاتر لەژێر چاودێرى کۆنتڕۆڵى جۆرى و تەندروستیدایە بەتایبەت خۆراکیەکان، داوادەکەین خەڵک و سەرمایەداران پەرە بەبەرهەمى ناوخۆ بدەن هەروەها حکومەت بوودجەیەکى تایبەت دابینبکات بۆ هەردوو کەرتى پیشەسازى و کشتوکاڵ، ئەگەر پێشتر لەلایەن حکومەتەوە بوودجەى بۆ تەرخانبکرایە و پەرە بەو دوو کەرتە بدرایە پێویستمان بە بەرهەمى دەرەکى نەدەبوو، لەئێستادا چەند پیشەسازییەکمان هەیە لە ئاستێکى باشدان، بۆ نمونە پیشەسازى چیمەنتۆمان هەیە لە ئاستى خواستى عێراقدایە، هەروەها بەمەبەستى ناردنى کەرەستەى بیناسازى وەفدێکى ڕۆژئاواى کوردستان سەردانى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیان کرد، داواى 300 هەزار تەن چیمەنتۆیان کردوە خاوەن کارگەکانی سلێمانى بەڵێنیاندا بە نرخێکى گونجاو پێیان بفرۆشن، جگەلەوە داواى ڕێژەیەکى زۆر ئاسن و خشتیان کردووە، بەڵام سنورى نێوان باشور و ڕۆژئاوا داخراوە، داوادەکەین حکومەتى هەرێم ئەو سنورە بکاتەوە، چونکە دەبێت پەیوەندى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ ڕۆژئاوا ببەستین و ئەو کەرەستانەى داواکراوە بۆیان بنێرین.
دواڕۆژ: بە رزگارکردنى موسڵ دۆخى بازرگانى چ گۆڕانێکى بەسەردادێت؟ پێتوایە ڕوو لە گەشەسەندن بکات؟
سیروان محەمەد: بەرپرسانى ڕۆژئاوا بۆ ئەو مەبەستە هاتبوون کە ئەگەر موسڵ ڕزگاربکرێت پەیوەندیەکى بازرگانى بەهێز لەگەڵ شارى سلێمانیدا ببەستن، لەگەڵ ئازادکردنى ئەو شارە لێرەوە کاڵاکان ڕەوانەى موسڵ دەکرێت دواتر دەنێردرێت بۆ ڕۆژئاوا، پاش ئازادکردنى موسڵ جێبەجێ دەکرێت وە پەیوەندیەکى توندوتۆڵ لەنێوان سلێمانى و ڕۆژئاواى کوردستان دروستدەبێت بەوهۆیە گۆڕانێکى گەورە لە ئاستى ئاڵوگۆڕى پیشەسازى و بازرگانى لەنێوان هەردولادا دێتە ئاراوە.
دواڕۆژ: ئایا بازرگان و سەرمایەدارەکانى سلێمانى بەهۆى دۆخى ئابورى هەرێمەوە سەرمایەکەیان بردۆتە دەرەوەى وڵات؟ بە ژمارە لاتانە چەند کەسە؟
سیروان محەمەد: بارودۆخى ئاڵۆزى کوردستان و گرژیە سیاسیەکان، بۆتە هۆى بێزاربوونى بازرگان و سەرمایەداران تا ئەو ئاستەى بیر لەوە بکەنەوە سەرمایەکانیان لە دەرەوەى وڵات بخەنەگەڕ، دڵنیام لەوەى ئەو سەرمایەى لە کوردستان بازرگان و وەبەرهێنەر بەدەستیهێناوە و سودى لێوەرگرتووە هیچ بازرگانێک 1% ئەو پارەیە لەدەرەوەى وڵات بەدەستبهێنێت، چونکە یاساى وەبەرهێنان بەتایبەت لە کەرتى نیشتەجێبوندا ئاسانکاریەکى زۆرى بۆ کردوون بەو هۆیەوە داهاتێکى زۆریان بەدەستهێنا، لەم دۆخەدا پێویستە ئەو پارەیە لە ناوخۆى هەرێم بخەنەگەڕ و وەبەرهێنان بکەن، لەهەمانکاتدا حکومەتیش گۆڕانکارى لە یاساکانیدا بکات بەتایبەت لە بوارى وەبەرهێناندا.
دواڕۆژ: ئەو ڕێکارانە چین بەرامبەر بەو بازرگان و سەرمایەدارانە دەیگرنە بەر کە لەئێستادا سەرمایەکانیان بردۆتە دەرەوەى هەرێم؟
سیروان محەمەد: وەکو ژمارە و شەخس لامان نیە چەند کەس تەنها بیستومانە، بەڵام ئەمانە پارەیان لە کوردستان دەستکەوتووە و دەبێت هەر لە کوردستانیشدا سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ، ئەگەر لەکاتى پێدانى مۆڵەتى بازرگانى پرس بە ئێمە بکرایە ڕێگەمان نەئەدا مۆڵەت بدرێت بە کۆمەڵێک خەڵکى، بەڵکو تەنها بۆ کۆمپانیاى پشکدار بێت.
دواڕۆژ: چۆن جموجووڵى بازرگانى بخرێتەوە ناو بازاڕ و پەیوەندى بازرگانى نێوان سلێمانى بەتایبەت لەگەڵ ئێران و تورکیا بەهێزتر بکرێتەوە؟
سیروان محەمەد: پرۆژەیەکمان هەیە لە ئایندەیەکى نزیکدا ئاڕاستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى دەکەین، تایبەتە بەم دۆخە ئابوریەى لە کوردستان دروستبووە تێیدا شێوازى چارەسەرەکەى خراوەتەڕوو، هیوادارین حکومەت سوود لە خاڵەکانى پرۆژەکە وەربگرێت کە بۆ بوژاندنەوەى ئابورى هەرێمى کوردستانە.
دواڕۆژ: ئەگەر دۆخى ئابورى هەرێم بەم شێوەیە بەردەوام بێت کەرتى پیشەسازى و بازرگانى ڕووبەڕووى چى دەبنەوە؟
سیروان محەمەد: پێویستە حکومەت چاو بە سیاسەتى ئابوریدا بخشێنێتەوە، گرنگى بە زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ و کردنەوە کارگەى پیشەسازى بدات وە بازرگانى ناوخۆ دروستبکرێت، عێراق باى 100 ملیار دۆلار کاڵاى لەدەرەوە هاوردە کردووە، ئەگەر لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا هەرێمى کوردستان ئابوریەکى تۆکمەى هەبوایە و دەیان کارگە دروستبکرایە ڕەنگە لەو ڕێژەیە 30 ملیارى بۆ کوردستان بگەڕایەتەوە و کاڵاکانى ئێمە ڕەوانەى خوارووى عێراق بکرایە، ئیستا دۆخى ئابورى هەرێم زۆر باشتر دەبوو، بەڵام خۆمان کارگەکانمان داخست لەبەر ئەوەى بێمنەت بوین و ئەمان وت نرخى نەوت ئەگاتە 150 دۆلار و کاڵامان بۆ چیە، دەبێت حکومەت لەمەودوا گرنگى بە کۆمپانیا ناوخۆیەکان بدات و قەرزیان بداتێ تا کارگە بکەنەوە، ئەوکات هەلى کارى زۆر دروستدەبێت و ئابورى هەرێم ڕوو لە بوژانەوە دەکات.
دواڕۆژ: حکومەت دەڵێت قەرزمان لاى بازرگان و پیشەسازانە و داواى وەرگرتنەوەى دەکات، لەم بارەوەیە چى دەڵێن؟
سیروان محەمەد: ئێمە ئاگادار نین قەرز چۆن و دراوە بەکێ، پێویستە حکومەت ڕوونى بکاتەوە ئایا دراوە بە پیشەسازان؟ ئەگەر وایە ئەوا خۆى بەرپرسیارە، ئەگەر قەرز دراوە بە چەند شەخسێک ئەوە بانکەکان بەرپرسیارن چۆن لێیان وەردەگرنەوە.
ئەم چاوپێکەوتنە لە سایتی دوارۆژ وەرگیراوە بە سوپاستەوە