دووه‌مین پێشانگای شووشه‌وات و که‌ل و په‌لی ناوماڵ و هوتێل له هه‌ولێر کرایه‌وه‌

به‌ به‌شداریی 150 کۆمپانیا له‌ 15وڵاتی جیا، دووه‌مین پێشانگای شووشه‌وات و که‌ل و په‌لی ناوماڵ و هوتێل، به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی حکومه‌تی هه‌رێم، پارێزگاری هه‌ولێر، کونسولی گشتیی تورکیا له‌ هه‌رێم و ژماره‌یه‌ک له‌ خاوه‌نکار و بازرگانان له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر کرایه‌وه. 
 
له‌ میانه‌ی کردنه‌وه‌ی پێشانگاکه‌ش له‌ وته‌یه‌کدا بۆ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن “سینان چه‌له‌بی” وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازیی حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: “به‌شداریی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی کۆمپانیا له‌و پێشانگایه، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ هه‌رێمی کوردستان له رووی ئه‌منیه‌وه‌ سه‌قامگیره‌.”
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: به‌شێک له‌ کۆمپانیا به‌شداربووه‌کانی دووه‌مین پێشانگای که‌ل و په‌لی ناو ماڵ بۆ جاری یه‌که‌مه‌ به‌شداریی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌که‌ن، هاوکات به‌شداربووانی پێشانگاکه‌ش کردنه‌وه‌ی پێشانگای له‌و شێوه‌یه‌ به‌و ژماره‌ زۆره‌ی کۆمپانیا له‌ 15وڵاتی جیا، به هه‌نگاوێکی گرنگ ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م.
 
له‌ لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ “عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د” سه‌رپه‌رشتیاری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن گوتی: “ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای عێراق کاریگه‌ریی نه‌بووه‌ له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی پێشانگا و هاتنی کۆمپانیا بیانیه‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان.
 
دووه‌مین پێشانگای  شووشه‌وات و که‌ل و په‌لی ناوماڵ و هوتێل بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر به‌رداوام ده‌بێت.