پڕۆژه‌ى بچوك به‌بڕبڕه‌ى پشتى ئابوورى داده‌نرێت

فه‌رهاد نه‌سره‌دین كه‌ نامه‌ى ماسته‌ره‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌ بچوكه‌كانه‌و مامۆستاى كۆلیژى بازرگانییه‌ له‌زانكۆى سلێمانى، له‌م گفتوگۆیه‌ى گۆڤارى بازرگانى‌و پیشه‌سازییدا ده‌ڵێت “پڕۆژه‌ بچوكه‌كان ڕۆڵێكى گرنگى هه‌یه‌ له‌ئاماده‌كردنى هه‌ندێك پێكهاته‌و پێداویستى كه‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كان پێویستیانه‌ “.
 
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: گرنگیى‌و رۆڵى پڕۆژه‌ى بچوك له‌ئابورییدا چییه‌؟
فه‌رهاد نه‌سره‌دین: پڕۆژه‌ى بچوك رۆڵێكى گرنگى هه‌یه‌ له‌جوڵه‌ى گه‌شه‌ى ئابوورى‌و زیادكردنى به‌رهه‌م‌و داهاتى ناوخۆى نه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌بڕبڕه‌ى پشتى ئابوورى داده‌نرێت بۆ په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵگه‌، دیارترین گرنگى پڕۆژه‌ى بچوك بریتییه‌ له‌دروستكردنى هه‌لى كار بۆ ده‌ستى كار، چونكه‌ یه‌كێك له‌سیماكانى پڕۆژه‌ى بچوك بریتییه‌ له‌وه‌ى كه‌ ڕێژه‌ى ده‌ستى كار تیایدا چڕه‌ به‌راورد به‌پڕۆژه‌ى گه‌وره‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى به‌گه‌ڕخستنى ده‌ستى كارو كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى بێكارى به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بۆ وڵاتان‌و به‌تایبه‌تى بۆ وڵاتانى تازه‌ پێگه‌شتو، كه‌ ئه‌مه‌ش لاى خۆیه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زینى ئاستى هه‌ژارى‌و زیادبوونى گه‌شه‌ى ئابوورى. هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ى بچوك ڕۆڵێكى به‌رچاوى هه‌یه‌ له‌هێنانه‌دى ته‌واوكارى ئابوورى له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كان له‌ئاماده‌كردنى ئه‌و شمه‌ك‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه‌ بازاڕى ناوخۆ پێویستیه‌تى ئه‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ڕۆڵێكى گرنگى هه‌یه‌ له‌ئاماده‌كردنى هه‌ندێك پێكهاته‌و پێداویستى كه‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌كان پێویستیانه‌.
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: ئایا پڕۆژه‌ بچوكه‌كان ده‌توانن رێژه‌یه‌كى گونجاو له‌داهاتى گشتى پێكبهێنن؟ 
فه‌رهاد نه‌سره‌دین: له‌ڕاستیدا داهاتى گشتى بریتییه‌ له‌كۆى ئه‌و داهاته‌ى كه‌ حكومه‌ت ده‌ستى ئه‌كه‌وێت له‌كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ى جیاوازه‌وه‌، وه‌كو: باج، ڕه‌سم، قه‌رز، سه‌رپێچى هتد… له‌گه‌ڵ داهاتى پڕۆژه‌كانى كه‌رتى گشتى، واته‌ به‌شدارى كردنى پرۆژه‌ بچوكه‌كان له‌پێكهێنانى داهاتى گشتى له‌ڕێگه‌ى باج‌و ڕه‌سم‌و سودى قه‌رزه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌یدات به‌حكومه‌ت، به‌ڵام پڕۆژه‌ بچوكه‌كان به‌شدارى ئه‌كه‌ن له‌پێكهێنانى به‌رهه‌مى ناوخۆ، كه‌مكردنه‌وه‌ى شمه‌كى هاورده‌‌و زیادكردنى هه‌نارده‌.
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: تا چه‌ند له‌ڕێگه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌ بچوكانه‌وه‌ كوردستان ده‌توانێت پێویستییه‌كانى خۆى دابین بكات؟
فه‌رهاد نه‌سره‌دین:  بوونى پڕۆژه‌ى بچوك له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا به‌شێك له‌پێداویستسه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابین ئه‌كات “دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌پێى پێداویستیه‌كانى هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك بڕیار ئه‌درێت ئه‌و پرۆژانه‌ له‌چ بوارێكدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن”، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونى داتایه‌كى وردو دروست له‌كوردستان له‌لاى دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌م بابه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌ى پێوانه‌و تواناى به‌رهه‌مدارى پرۆژه‌كان به‌شێوه‌ى مانگانه‌ یان ساڵانه‌  ناتوانین به‌ڕێژه‌ دیارى بكه‌ین بڵێین پرۆژه‌ى بچوك له‌سه‌دا چه‌ندى پێداویستسه‌كانى كوردستان دابین ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وڵاتى پاكستان به‌نمونه‌ بهێنینه‌وه‌ پڕۆژه‌ى بچوكى پیشه‌سازى له‌ 40% كۆى به‌رهه‌مى ناوخۆى وڵات دابین ئه‌كات، به‌شدارى هه‌نارده‌ى شمه‌ك ده‌كات بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌ڕێژه‌ى له‌ 25%. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ڕۆڵى گرنگى پرۆژه‌ بچوكه‌كان له‌دابینكردنى پێداویستیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌.
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: به‌رهه‌مى پڕۆژه‌ بچوكه‌كان چۆن ده‌توانن له‌ڕووى بڕى تێچون‌و كوالێتییه‌وه‌ كێبڕكێى به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن؟
فه‌رهاد نه‌سره‌دین:  بڕى تێچونى هه‌ر شمه‌كێك په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ژماره‌ى ئه‌و یه‌كانه‌ى كه‌ به‌رهه‌م ئه‌هێنرێت بۆیه‌ پڕۆژه‌ى بچوك ناتوانێ به‌ئاسانى كێبڕكێى به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ بكات له‌ڕووى نرخ‌و كوالێتیه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات هاورده‌ ده‌كرێن له‌لایه‌ن ئه‌و پڕۆژانه‌وه‌ به‌رهه‌مهاتون كه‌ تواناى به‌رهه‌مداریان زۆره‌و تێچوى جێگیرى (Fixed Cost) پڕۆژه‌كه‌یان ده‌ست خستۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ ئه‌توانن به‌نرخێكى كه‌متر له‌نرخى شمه‌كى پرۆژه‌كانى ناوخۆ به‌رهه‌مه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ ده‌ستى به‌كاربه‌ر. له‌هه‌مانكاتدا له‌ئه‌نجامى به‌رهه‌مهێنانى زۆره‌وه‌ ده‌توانن كوالێتى شمه‌كه‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ له‌ده‌رنه‌نجامى دروستبوونى تایبه‌ته‌مه‌ندێتى له‌به‌رهه‌مهێناندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكارى دارایى پڕۆژه‌ى بچوكى ناوخۆ بكات، بۆ نمونه‌ له‌ئه‌ستۆگرتنى بڕێك له‌تێچونى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى كه‌ پڕۆژه‌ى بچوكى ناوخۆ به‌رهه‌مى ده‌هێنێت له‌م حاڵه‌ته‌دا پڕۆژه‌ى بچوك ئه‌توانێ له‌ڕووى نرخه‌وه‌ كێبڕكێى به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه‌ بكات.
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: گرفته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى به‌رده‌م سه‌رپێكه‌وتنى پڕۆژه‌ى بچوك له‌كوردستاندا چییه‌؟ 
فه‌رهاد نه‌سره‌دین: كۆمه‌ڵێك گرفت هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى بچوكدا له‌كوردستان كه‌ به‌ده‌ست ئه‌م گرفتانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، گرنترینیشیان بریتین له‌: كێشه‌ى دارایی‌و پاره‌داركردن، ڕۆتین له‌دامه‌رزاندنى پرۆژه‌دا، كه‌مى ده‌ستى كارى شاره‌زا، توانستى كارگێڕى‌و هونه‌رى، بازاڕسازى، كه‌مى به‌رهه‌مدارى، نزمى كوالێتى، به‌رزى بڕى تێچون، سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش نه‌بونى سیاسه‌تێكى ئابوورى‌و كارگێڕى ڕێكخراو، هه‌وه‌ها نه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌كى ماوه‌درێژ بۆ هاوكارى پرۆژه‌ بچوكه‌كان له‌ڕووى هونه‌رى‌و داراییه‌وه‌ گرفته‌ له‌به‌رده‌م سه‌رپێنه‌كه‌وتنى پرۆژه‌ى بچوك له‌كوردستاندا.
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: كوردستان زیاتر بۆ چ جۆرێك له‌پڕۆژه‌ى بچوك ئاماده‌یه‌؟
فه‌رهاد نه‌سره‌دین: كوردستان ئاماده‌یى هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى بچوك له‌كه‌رته‌ جۆراوجۆره‌كانى ئابووریدا له‌به‌رئه‌وه‌ى زه‌ویه‌كى زۆرى به‌پیت له‌كوردستاندا بوونى هه‌یه‌، واته‌ پرۆژه‌ى بچوكى كشتوكاڵى گونجاوه‌ بۆ كوردستان له‌و وه‌رزانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌به‌رهه‌مهێنانى كشتوكاڵ له‌كوردستاندا. هه‌روه‌ها هه‌بوونى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى له‌كوردستان ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى پڕۆژه‌ى بچوك له‌بوارى گه‌شیاریدا له‌وه‌رزى گه‌شتكردندا، رێژه‌یه‌كى به‌رچاو سه‌رچاوه‌ى سروشتى‌و مرۆیى له‌كوردستان بوونى هه‌یه‌، بۆیه‌ هاوكات پڕۆژه‌ى بچوكى پیشه‌سازیش گونجاوه‌ بۆ كوردستان. هه‌روه‌ها ژینگه‌یه‌كى گونجاویش هه‌یه‌ له‌بوارى خزمه‌تگوزاریدا بۆیه‌ پڕۆژه‌ى بچوك له‌بوارى خزمه‌تگوزاریشدا سه‌ركه‌وتو ده‌بێت.
  
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: گرنگترین پڕۆژه‌ بچوكه‌كانى كوردستان له‌ چ بوارێكدان؟
فه‌رهاد نه‌سره‌دین:  ده‌توانین بڵێین گرنگتترین پرۆژه‌ى بچوك له‌كوردستان له‌بوارى پیشه‌سازیدایه‌ به‌راورد به‌پڕۆژه‌ى بچوك له‌بوارى كشتوكاڵ‌و گه‌شتیارى چونكه‌ گه‌شتكردن بۆ سه‌یرانگاكانى كوردستان وه‌رزه‌كه‌ى دیاریكراوه‌و ناتوانرێت به‌درێژایى ساڵ به‌رده‌وام بێت. به‌هه‌مانشێوه‌ چالاكى كشتوكاڵیش له‌كوردستان دیاریكراوه‌و ناتوانرێت له‌ته‌واوى وه‌رزه‌كانى ساڵدا به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌رچى له‌هه‌ندێك شوێنى كوردستان ژوورى پلاستیكى هه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مى كشتوكاڵى، به‌ڵام هێشتا له‌ئاستى پێویستدا نییه‌، بۆیه‌ چالاكى له‌بوارى پرۆژه‌ى بچوكى پیشه‌سازیدا ده‌توانرێت به‌رده‌وام بێت به‌درێژایی ساڵ‌و له‌هه‌موو شارو شارۆچكه‌و گونده‌كانى كوردستاندا هاوكات ده‌ستى كارو سه‌رچاوه‌ى سروشتیش بوونى هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و سیمایانه‌ى وڵاتانى پێشكه‌وتوى پێئه‌ناسرێته‌وه‌ برتییه‌ له‌چالاكى له‌بوارى پیشه‌سازیدا.
بازرگانى‌و پیشه‌سازى: ئه‌ركى حكومه‌ت چییه‌ به‌رامبه‌ر به‌م پڕۆژه‌ بچوكانه‌؟ 
فه‌رهاد نه‌سره‌دین: حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك ئه‌ركى ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رشان به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌ى بچوك له‌و ئه‌ركانه‌ش: ده‌ركردنى یاساى تایبه‌ت به‌پرۆژه‌ى بچوك، له‌ڕاستیدا په‌رله‌مانى كوردستان یاساى ژماره‌ (2)ى ساڵى (2011)ى ده‌رچوواند كه‌ بریتى بوو له‌یاساى سندووقى پشتیوانى پڕۆژه‌ بچوكه‌كانى لاوان، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رنج‌و تێبینیم هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م یاسایه‌ به‌ڵام جێگه‌ى ده‌سخۆشییه‌ كه‌ یاسایه‌ك هه‌بێت پشتگیرى بكات له‌ده‌سپێشخه‌رى دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى بچوك له‌كوردستان، به‌ڵام ته‌نها یاسایه‌ك له‌م بواره‌ فراوانه‌دا كه‌مه‌، بۆیه‌ هیواخوازم یاساى هاوشێوه‌ى ترى به‌دوادا بێت، حكومه‌ت ده‌بێت هه‌وڵبدات له‌ڕێگه‌ى ڕێكخراوى تایبه‌ت به‌م بواره‌ به‌به‌رده‌وامى خولى چۆنیه‌تى دامه‌زراندن‌و چاكسازى پڕۆژه‌ى بچوك بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ خوازیارن پڕۆژه‌ى بچوك دابمه‌زرێنن، هه‌روه‌ها ڕاهێنان بكرێت به‌خاوه‌ن پڕۆژه‌كان له‌بوارى هونه‌رىۆ كارگێڕى، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ى بازاڕ بۆ به‌رهه‌مى ئه‌م پڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ له‌ناوخۆو له‌ده‌ره‌وه‌، دامه‌زراندنى چه‌ند ده‌زگایه‌ك بۆ هاوكارى دارایی‌و پێدانى قه‌رز به‌بێ سوود بۆ پڕۆژه‌ى بچوك كه‌ ئه‌مه‌ له‌زۆربه‌ى وڵاتان بوونى هه‌یه‌، به‌خشینى پڕۆژه‌ى نوێ له‌باج‌و ڕه‌سم بۆ چه‌ند ساڵێكى دیاریكراو.