“وەزارەتی كارەبای هەرێم ئامادەیە كارئاسانی بۆ كۆمپانیاكانی بواری كارەبا بكات”

یاسین ئه‌بوبه‌كر وه‌زیری كاره‌بای حكومەتی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ دیڤید ۆڵش سه‌رۆكی هه‌رێمی ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی كۆمپانیای بێكتڵی نێوده‌وڵه‌تی كرد.
كه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ به‌رنامه‌ و پرۆژه‌كانی كاره‌با و ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ره‌ جیاجیاكانی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی كردبوو، 
وه‌زیری كارەبا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ وه‌زاره‌تەكەی  ئاماده‌یی تێدایه‌ پێشوازی و كار ئاسانی به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م كۆمپانیا په‌یوه‌ندداره‌كانی بواری كاره‌با بكات، تاكو بتوانن له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان له‌ بواری كاره‌با ئه‌نجام بده‌ن، دیڤید ۆڵش رایگه‌یاند، به‌چاوی ڕێزیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا كه‌رتی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، 
دواتر به‌تێرو ته‌سه‌لی بیڕوڕا ئاڵوگۆڕ كرا له‌سه‌ر به‌رنامه‌و پلانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا به‌رامبه‌ر ئه‌و كار و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌بواری كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی كاره‌با به‌تایبه‌ت له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.