سه‌رنجێك له‌یاسای وه‌به‌رهێنانی عێراق

رۆژی 10/10/2006، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای‌ وه‌به‌رهێنانی به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ندكرد، ئه‌وكات “حه‌یده‌ر عه‌بادی” سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئێستای‌ عێراق، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری بوو له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران،  ئه‌و وتی “چاوه‌ڕوانین ئه‌م یاسایه‌ ده‌رگا به‌ڕووی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ یكاته‌وه‌و ئاوه‌دانی‌‌و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ گه‌لی‌ عێراق ده‌سته‌به‌ر بكات”.
یاسای‌ وه‌به‌رهێنانی‌ عێراقی‌ ساڵی‌ 2010 چه‌ند بڕگه‌یه‌كی‌ لێهه‌موار كررایه‌وه‌، له‌م یاسایه‌دا هه‌م ئاسانكاریی‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران مسۆگه‌ر كراوه‌و هه‌م كۆمه‌ڵێك پابه‌ندبونیشیان خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆ، گرنگترین خاڵه‌كانی‌ بریتین له‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌
1ـ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ ناوخۆو بیانی‌ هه‌موو ئه‌و ئیمتیازو ئاسانكاریانه‌ وه‌ك یه‌ك ده‌یانگرێته‌وه‌ كه‌ له‌م یاسایه‌دا ئاماژه‌یان پێكراوه‌.
2ـ وه‌به‌رهێنه‌ر مافی‌ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی كه‌ هێناویه‌ته‌ عێراقه‌وه‌ به‌قازانجه‌كانییه‌وه‌.‌
3ـ مافی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌ بۆرسه‌ی عێراقیدا هه‌یه‌.
4ـ مافی‌ وه‌به‌رهێنانی زه‌وی پێویستی‌ هه‌یه‌ بۆ پڕۆژه‌كانی‌ به‌شێوه‌ی‌ موساته‌حه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 50 ساڵ‌. 
5ـ ده‌توانێت ته‌ئمینكردنی پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان لای هه‌ر كۆمپانیایه‌كی ئته‌ئمینكردنی نیشتمانین یان بیانی بكات.
6ـ مافی‌ كردنه‌وه‌ی حیساب به‌ دراوی عێراقی یان بیانی یان به‌ هه‌ردوكیان لای بانكی‌ عێراقی یان بیانی هه‌یه‌.
7ـ مافی نیشته‌جێبوون‌و ئاسانكاری هاتوچوونی به‌وه‌به‌رهێنی‌ بیانی‌ ده‌به‌خشرێت. 
8ـ ده‌ست به‌سه‌ر پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كه‌یدا ناگیرێت‌و خۆماڵی‌ ناكرێت. 
9ـ كرێكار‌و كارمه‌نده‌ ته‌كنیكی‌‌و ئیدارییه‌ ناعێراقییه‌كان بۆیان هه‌یه‌ مووچه‌و قه‌ره‌بووه‌كانیان بگوازنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق. 
10ـ به‌خشینی ره‌سم و باجه‌كان بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له‌ ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌كه‌وه‌ و ده‌كرێ بۆ 15 زیاد بكرێت، هه‌روه‌ها كه‌لوپه‌ل و پێداویستی دیكه‌ی تازه‌كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌یش. 
به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا یاساكه‌ چه‌ندین پابه‌ندبوون بۆ وه‌به‌رهێن دروستده‌كات كه‌ پێویسته‌ له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆژه‌ی‌ وه‌به‌رهێناندا ره‌چاویان بكات، له‌وانه‌:
1- ده‌سته‌ی‌ نیشتمانی‌ وه‌به‌رهێنان یان ده‌سته‌ی‌ هه‌رێم یان پارێزگا پێشوه‌خت له‌ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌كه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.
2- گرتنه‌به‌ری ژمێریارییه‌كی رێكوپێك كه‌ یاساناسێكی كه‌ له‌ عێراقدا رێگه‌ی پێدرابێت پێیدابچێته‌وه‌. 
3- تۆژینه‌وه‌ی‌ كه‌ڵكی‌ ئابوری‌‌و ته‌كنیكیزانیاری‌ ته‌واو سه‌باره‌ت به‌پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.
4- كردنه‌وه‌ی فایلێكی كه‌لوپه‌له‌ هاورده‌كان كه‌ له‌باج ده‌به‌خشرێن.
5ـ پابه‌ندبوون به‌پاراستنی ژینگه‌و كۆنترۆلكردنی جۆرییه‌وه‌ به‌وجۆره‌ی‌ له‌عێراق په‌یڕه‌و ده‌كرێت. 
6ـ پابه‌ند بوون به‌یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ له‌بواری‌ مووچه‌و مۆڵه‌ت‌و كاتی‌ كاركردن.
هه‌روه‌ها به‌پێی‌ یاسایه‌ بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان بۆ وه‌به‌رهێنی‌ هێراقی‌‌و بیانی‌ به‌ته‌واوی‌ ره‌خساوه‌، جگه‌ له‌”وه‌به‌رهێنان له‌بواره‌كانی ده‌رهێنانی نه‌وت‌و غازی‌ سروشتی‌”‌و “وه‌به‌رهێنان له‌هه‌ردوو كه‌رتی بانك‌و كۆمپانیاكانی ته‌ئمیندا”، له‌هه‌مانكاتیشدا جه‌غت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ “زه‌وی ته‌نیا بۆ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌بێت‌و وه‌ك یه‌كه‌ی تاك ده‌درێته‌ عێراقییه‌كان”.
به‌پێی‌ ئه‌م یاسایه‌ش، دوو ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌عێراقدا پێكده‌هێنرێن كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: 
1ـ ده‌سته‌ی نیشتمانی بۆ وه‌به‌رهێنان: كه‌ خاوه‌نی‌ كه‌سێتییه‌كی مه‌عنه‌وییه‌، ئه‌نجومه‌نێكی كارگێڕیی هه‌یه‌و پێكهاتووه‌ له‌ 9 كه‌سی شاره‌زاو پسپۆڕ، ئه‌زمونی‌ كاریان ده‌بێت له‌ 10 ساڵ به‌ره‌وسه‌ر بێت‌و هه‌ڵگریی بڕوانامه‌ی زانكۆیی بن. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ به‌رپرسه‌ له‌داڕشتنی سیاسه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێانی نیشتمانی‌و دانانی پلان‌و چاودێریكردنی پرۆسه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان. به‌ڕێوه‌به‌رێك به‌پله‌ی وه‌زیر ده‌سته‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ كاندید ده‌كرێت، جێگرێكی به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌ پله‌ی جێگری وه‌زیری هه‌یه‌. ده‌بێ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێن‌و بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ ده‌مێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌سته‌كه‌ 4 ئه‌ندامی به‌پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و سێ ئه‌ندامی له‌كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بن كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵیانده‌بژێرێت. 
2ـ ده‌سته‌ی هه‌رێم‌و پارێزگاكان كه‌ سه‌ر به‌هیچ هه‌رێمێك نین. چونكه‌ هه‌رێمه‌كانی‌ له‌عێراقدا خاوه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و جێبه‌جێكردن‌و دادوه‌رین، به‌ڵام ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌هیچ هه‌رێمێك نین ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی دارایی‌و ئیداریی به‌رفراوانیان ده‌بێت‌و به‌وپێیه‌ش مافی پێكهێنانی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی پارێزگایان ده‌بێت. ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم‌و پارێزگاكان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌خشینی مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانن.
ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌حه‌وت ئه‌ندامی شاره‌زا پسپۆڕ پێكدێت كه‌ ئه‌زمونی‌ حه‌وت ساڵ‌ كاركردنیان هه‌یه‌. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ سه‌ر به‌سه‌رۆك وه‌زیرانه‌و ده‌سته‌ی پارێزگایش سه‌ر به‌پارێزگاره‌و له‌ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی پارێزگادایه‌. یاساش رێگه‌ی پێكهێنانی ئه‌و ده‌ستانه‌ی به‌هه‌رێم‌و پارێزگاكان داوه‌ كه‌ به‌رپرس ده‌بن له‌دانانی پلانی وه‌به‌رهێنان كه‌ دژایه‌تیان له‌گه‌ڵ پلانی وه‌به‌رهێنانی فیدرالییدا نابێت.
ئا:ڕێژەن-بازرگانی‌و پیشەسازی