نرخی‌ نه‌وت به‌رزبووه‌

به‌پێ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 6ی نیسان، یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی ئه‌مه‌ریكی به‌ (36) دۆلار و (87) سه‌نت فرۆشرا.
هه‌روه‌ها یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی پرێنت به‌ (38) دۆلار (55) سه‌نت فرۆشرا.
دوێنێ سێشه‌ممه‌ 5ی نیسان نه‌وال فه‌زیع، پارێزگاری كوێت له‌ رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت (ئۆپیك) ، له‌میانه‌ی كۆڕێكدا له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند: ئاماژه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 17ی نیساندا له‌ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئۆپیك و ده‌وڵه‌تانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك، له‌نێوانیشیاندا ڕوسیای گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت، بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی سه‌باره‌ت به‌ جێگیركردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو.
وتیشی: پێشبینی ده‌كه‌م بازاڕی نه‌وت له‌نیوه‌ی دووه‌می ئه‌مساڵدا هاوسه‌نگییه‌ك دروست بێت و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاو به‌رزببێته‌وه‌ بۆ نێوان (45-60) دۆلار.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا به‌هۆی زۆربوونی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاو بۆ كه‌مترین ئاستی له‌ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوودا دابه‌زی و گه‌یشته‌ نزیكه‌ی (27) دۆلار.
له‌ئێستادا رۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاو زیاتر له‌ داواكاری له‌سه‌ر نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنرێت، هاوكات زۆربوونی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی ئێران هه‌موو پێكه‌وه‌ هۆكارن بۆ دابه‌زینی نرخی نه‌وت.