حکومەت ئەم غەرامەیەی لەسەر ھاوڵاتیان ھەڵگرت

ژمارەیەک لەو ھاوڵاتیانەی پێشترو بەر لەقەیرانی دارایی قەرزی بچوکیان وەرگرتبوو، تائێستا قەرزەکەیان نەگەڕاندۆتەوە، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش مژدەیەک دەداتە ئەو ھاوڵاتیانەو چەند زانیارییەکی گرنگ ئاشکرادەکات.
پێشتر ھەر ھاوڵاتیەک ئەو قەرزەی وەریگرتبوو، ئەگەر لەکاتی خۆیدا بۆ حکومەتی نەگێرایەتەوە، سزای دارایی ھەبوو، بەشێوەیەک؛ ھەر ھاوڵاتیەک لەکاتی خۆیدا قەرزەکەی نەگەڕاندایەوە، بۆ ھەر ڕۆژێک بڕی سێ ھەزار دیناری لێوەردەگیرا، بەڵام لەئێستادا ئەو غەرامەیە لابراوە.
 
لەوبارەیەوە محەمەد  ھاودیانی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ھاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندوقی پشتیوانی پڕۆژەی بچوکی لاوان، لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە، دوای کۆبونەوەیەک لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن  بڕیاری  لێخوشبون لەپێبژاردن (غەرامە)یان بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی لەکاتی خۆیدا پارەکەیان نەگەڕاندۆتەوە داوە.
 
وەزیری کارو ئەوەشی ئاشکراکردوە، لەکۆبونەوەکەدا پێشنیازکراوە بەکردنەوەی سندوقێکی تایبەت لەبانک بۆ ئەوەی قەرزەکە بگەڕێتەوە ھەمان سندوق و بتواندرێت گەنجان سودمەندبن لێی، “چونکە پێشتر پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێنرایەوە”.
 
محەمەد ھاودیانی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەشکردوە، “دەرکردنی ئەو بڕیارانە لەچوارچێوەی قەیرانی دارایدا بوە، بەچاکبونی قەیرانەکەش بڕیارەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت”.