بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند وڵاتەكەی بەدیاریكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رازی نابێت و ئەگەر بواریشی بۆ بڕەخسێت بەشداری كۆبوونەوەی دەوحە دەكات.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی زەنگەنە ئاشكرایكرد بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش سەپاندنی گەمارۆكان بەسەر ئێراندا، ئاشكراشیكرد هەوڵی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئۆپێك و دەرەوەيدا بۆ دیاریكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هەنگاوێكی باشە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە چاودێریكردنی ئاستی خستنەڕوو و بەرهەمهێنانی نەوت كارێكی باشە بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازارەكان جێگیری بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام بەتەنها جێگیركردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەئاستێكدا، بەس نیە.
سەبارەت بەبەشداریكردنیان لە كۆبونەوەی دەوحە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ئەگەر كاتی گونجاویان لەبەردەستدا بێت بەشدرایدەكەن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزیری ووزە و پیشەسازیی قەتەر رایگەیاند، بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی ئێران كردوە بۆ بەشداریكردنی لەكۆبونەوەی دەوحە، كە بڕیارە (17)ی ئەم مانگە سازبكرێت. تا ئێستاش (12) وڵات كەبریتن لە عەرەبستانی سعودیە، روسیا، كوەیت، ئیمارات، فەنزویلا، نیجیریا، جەزائیر، ئەندونسیا، ئیكوادۆر، بەحرەین، عومان، و قەتەر بەشداردەبن.