عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵ نزیکەی ١٠٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە، داھاتە کەشی نزیکەی ٣ ملیار دۆلار بووە.
لەوبارەیەوە “عاسم جیھاد” وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆی ھەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئازاری رابردوودا ١٠١ ملیۆن و ٨٦٥ ھەزار و ٤١٥ بەرمیل نەوت بووە، یەک بەرمیل نەوتیش بە ٢٨ دۆلار فرۆشراوە.
عاسم جیھاد ئاشکراشیکردووە، ناوەندی رۆژانەی ھەناردەکردنی نەوت لەمانگی رابردوودا ٣ ملیۆن و ٢٥٨ ھەزار و ٩٨١ بەرمیل بووە، تێکڕای داھاتی نەوتیش لە مانگی ئازاردا ٢ ملیار و ٨٩١ ملیۆن و ٥٧٥ ھەزار دۆلار بووە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، بەبەراورد بەمانگی شوبات نرخی نەوت لەمانگی ئازاردا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو ھەناردەی نەوتیش لەو مانگەدا زیادیکردووە.
جێی ئاماژەیە، ھەناردەی نەوتی عێراق لەمانگی شوباتدا ٩٣ ملیۆن بەرمیل بووە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش کەمبوونەوەی ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی لەمانگی شوباتدا بۆ کەمی رۆژەکانی ئەو مانگە گەڕاندۆتەوە.