ئۆپێك بەبێ‌ ئێران لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان شكست ناهێنێت

گەورەترین پشکداری کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی دەڵێت، مەرج نییە ئەگەر ئێران بەشداری کۆبوونەوەکەی 17ی مانگی داهاتووی دەوحە نەکات، هەوڵەکانی وڵاتانی دەرەوە و ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوت شکستبهێنێت. لیۆنید فیدان کە خاوەنی 10%ی پشکەکانی کۆمپانیای لوک ئۆیڵە دەڵێت “بەشداریکردنی ئێران لە کۆبوونەوەکەی دەوحە پێویست نییە”.



بازاڕی نەوت چاوەڕوانی کۆبوونەوەکەی 17ی مانگی داهاتوو لە دەوحە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا هەوڵەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوەیە دواجار رێککەوتنێکی کۆتایی 

لێدەکەوێتەوە لەسەر سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت یان بەپێچەوانەوە هیچ رێککەوتنێک بەدەستنایەت و نرخی نەوت هەر لە ئاستێکی نزمدا دەمێنێتەوە. 



بەپێی هەندێك لە چاودێران پەیوەستبوونی ئێران بەو رێککەوتنە پێشمەرجی هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوتە. بەڵام پشکدارێکی گەورەی کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی رایگەیاندووە، تەنانەت ئەگەر ئێران بەشداری کۆبوونەوەکەی دەوحە نەکات، ئەگەر هاتوو رێککەوتنێک بەدەست بێت، بەشدارینەکردنی ئێران کێشەی گەورە دروست ناکات.



لیۆنید فیدان، یەکێک لە گەورەترین پشکدارانی کۆمپانیای لوک ئۆیڵ دەڵێت “رۆڵی ئێران لە هاوسەنگکردنی بازاڕ چارەنووسساز نییە، بۆیە بەشداریکردنی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکەی دەوحە پێویست نییە”.



فیدان کە خاوەنی 10%ی هەموو پشکەکانی لوک ئۆیڵە، یەکەم بەرپرسی رووسی بوو کە پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنە سەرەتایییەکەی چوار وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت؛ سعودیە، ڤەنزوێلا، رووسیا و قەتەر لە مانگی دووی ئەمساڵ دەربڕی.



ساڵی رابردوو هەوڵەکانی رووسیا و هەندێ لە ئەندامانی ئۆپێک بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوت بێ ئەنجام بوو.



نرخی نەوت ئێستا نزیکەی 40 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە مانگی یەکی ئەمساڵ گەیشتە خوارەوەی 30 دۆلار و بەوپێیەش دابەزی بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە 13 ساڵی رابردوودا، ئەوەش 

بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێکی ناچارکرد هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی نەوت چڕتر بکەنەوە.



نرخی نەوت لە 20 مانگی رابردووە لە 100 دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 40 دۆلار و 60%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، ئەوەش کێشەی گەورەی دارایی بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت دروستکردووە کە دیارترینیان کورتیهێنانی بودجەی 2016ی ئەو وڵاتانەیە.