حکومەتی قەتەر بە فەرمی بانگهێشتنامەی بۆ سەرجەم گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت ناردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی دەوحە.
وەزارەتی نەوتی قەتەر رایگەیاند کە حکومەتی قەتەر بانگهێشتی سەرجەم بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێكی کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی کۆبوونەوەکەی 17-4-2016 بکەن بە مەبەستی سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو ئاستەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تۆمارکراوە.
وەزارەتی نەوتی قەتەر لەو بانگهێشتنامەی کە بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوتی ناردووە رایگەیاندووە کە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕەکان و بوژانەوەی ئابووری جیهان کارێکی زۆر پێویستە.
ئەو پەیامەی وەزارەتی نەوتی قەتەر وەك ئاماژەیەکە بۆ سستبوونەوەی گەشەی ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و دروستبوونی کێشەی دارایی گەورە لەزۆربەی ئەو وڵاتانە بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە سەدا 70ی داهاتیان لە رێگای فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەکەن.
هەر لەو بانگهێشتنامەیەدا وەزارەتی نەوتی قەتەر رایگەیاندووە کە”15 بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك کە نوێنەرایەتی پشکی سەدا 73ی تەواوی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن لە جیهاندا پشتگیری ئەو دەستپێشخەرییە دەکەن”.
شارەزایانی نەوت پێیانوایە کە کۆبوونەوەی داهاتووی 17ی نیسان سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر ئێران بەشداریی ئەو رێککەوتنە بکات. لەئەگەری بەشدارینەکردنیشی ئەگەری رێککنەکەوتنی بەرهەمهێنەرانی نەوت ئەگەرێکی کراوە دەبێت.
سەرەڕای پشتگیری زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هێشتا پێداگرن لەسەر ئەنجامنەدانی هیچ رێككەوتنێك تا ئەو کاتەی ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت.