روسیا گورزێكی كوشندە لەئابووری توركیا دەدات

لەدوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و رووسیا بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكە سەربازییەكەی روسیا لەلایەن توركیاوە و تەقینەوەكانی ئەم دواییەی ئەنكەرە، كەرتی گەشتوگوزاری توركیا رووی لەكەمبوونەوە كردووە و پسپۆڕانی ئابووریش پێشبیی دەكەن ئەمساڵ داهاتی كەرتی گەشتوگوزار بەرێژەی 25% دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، (8) ملیار دۆلار زیان بە ئابووری توركیا بگەیەنێت.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی توركیا ساڵی (2015)  گەشتیارانی ئیتالیا بۆ توركیا بەڕێژەی (27%) و گەشتیارانی ژاپۆن بەڕێژەی (40%) كەمیكردووە و بەگشتیش لە ساڵی  (2015)دا ژمارەی گەشتیارانی توركیا بەرێژەی (1.6%) كەمیكردووە.
 
بەبۆچوونی پسپۆرانی ئابووری بۆ وەرزی گەشتوگوزاری ئەمساڵیش كە دەكەوێتە نێوان مانگەكانی (ئایار و تشرینی یەكەم)، (70%)ی پێشبینییەكان داهاتی گەشتیاری توركیا لەو ماوەیەدا دڵخۆشكەر نین، پێیانوایە داهاتی كەرتی گەشتیاری بڕی (8) ملیار دۆلار كەم دەكات و بەوەش ئاستی گەشەی ئابووری توركیا خاڵێك لەو ئاستە دێتەخوارەوە كە حكومەت ئامانجێتی پێبگات كە بریتیە لە (4.5%).
 
ئاركان ئەرگوزیل  پسپۆر لە (مورگان ستانلی) رایگەیاند ساڵی رابردوو (1) ملیۆن گەشتیاری روسیا كەمیكردوە تەنها (3.6) ملیۆن گەشتیار بوون، بۆ ئەمساڵیش ژمارەی گەشتیارانی رووس كەمتر بێت و راشیگەیاند “بەگوێرە گفتوگۆكانمان لەگەڵ لایەنە پەیوندیدارەكانی كەرتی گەشتوگوزار ساڵی 2016 ژمارەی گەشتیارانی روس یەك ملیۆن گەشتیار بێت.
 
بەوتەی ئەرگوزیل ئەوەش هەواڵێكی ناخۆشە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و  پارتی دادو گەشەپێدان كە وا نیشان دەدەن سەرەڕای خراپیی بارودۆخی سیاسی ئەمنی، ئابووری توركیا بەرێژەی ئاسایی خۆی گەشەدەكات.