نێچیرڤان بارزانی: تا ساڵی‌ 2015 به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت ده‌گه‌یه‌نینه‌ یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لە کۆنفرانسی کوردستان – عێراق بۆ نەوت و گازدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد رایگه‌یاند چاوەڕواندەكرێت تا ساڵی 2015، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، هاوكات لە ساڵی 2019، دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
نێچیرڤان بارزانی له‌ وته‌یه‌كدا له‌به‌رده‌م ئاماده‌بوانی‌ كۆنفرانسه‌كه‌ وتی‌ “هەندێ‌ جیاوازی لە بیروبۆچوون هەیە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەندێك لە بەرپرسانی حكوومەتی فیدرال لە بەغدا. لێكدانەوەی ئەوان بە شێوەیەكە گوایە تەنها ئەوان مافی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتییان هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە ڕەفتاری ئەوان دژی دەستووری هەمیشەیی فیدرالە”.
هه‌روه‌ها وتی‌ “به‌غدا به‌ داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دایه‌ پرسی بودجه‌ و نه‌وت وه‌كو كارتێكی فشار دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان به ‌كار بهێنێ، ئه‌مه‌ش به ‌ڕاستی جێگای داخه. له‌ كاتێكدا ئێمه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی که‌ ته‌نها به ‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستووری عێراقی فیدرالی و ڕێككه‌وتنه‌كان، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد دیكتاتۆریەت و دامەزراوەی تاكڕەوی و ئابووریەكی ناوەند و بەڕێوەبردنێكی خراپ، دەبێ‌ چیتر كاری پێنەكری و پشتگوێ‌ بخرێ‌. داهاتەكانی نەوت و گازی عیراق، پێویستە بە كار بهێنرێت بۆ پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی خواست و داخوازیی نەوەی ئێستا و داهاتوومان، نەك بۆ كڕینی چەكی قورس و زیادكرنی قەیران و تێوەگلانی وڵات لە ناو شەڕ و ئاشووبی زیاتر.
راشیگه‌یاند یەدەگی هەرێم كە بە 45 ملیار بەرمیل نەوت و 3 تڕیلیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتی دەخەملێنرێت، بڕێكی گرنگ و جێی بایەخی جیهانە.
رونیشیكرده‌وه‌ ئێمە لە ساڵی داهاتوو پێشبینی دەكەین كە بتوانین ڕۆژانە نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكەین. بەرهەمە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی مسۆگەر كردنی زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بۆ عیراق.
 
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد بە هەبوونی ژێرخانێكی ڕاستەقینەی هەناردەكردنی بەردەست، لە ساڵی 2019 دەتوانین لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت بگەیەنینە بازاڕەكانی جیهان.
جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هیوادارن هیچ كەس و لایەنێك ئەو سیاسەتەی هه‌رێمی كوردستان بە هەڕەشەیەك بۆ سەر یەكپارچەیی عیراق و زیادەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی دەسەڵاتدا سەیر نەكات.
وتیشی‌ “هەوڵ نادەم كوردستان وا نیشان بدەم كه‌ دوور بێت له‌ كێشه‌، ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەداین، ئەمەش كاتی زۆری دەوێت و هەندێ‌ جاریش ئاستەنگی گەورەمان دێتە پێش، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پابەندین بە كاركردن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە ڕێگای دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا”.