داھاتی گومرگەکانی عێراق لە مانگی کانونی دووەمدا زیاتر لە ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بووەو پێشبینی دەکرێت کۆی داھاتی گومرگ لە ساڵی ٢٠١٦ دا بگاتە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلار.
“ستیوارت جۆنز” باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد رایگەیاند، حکومەتی عێراق رێوشوێنی توندی گرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و جگە لە نەوت، چەند سەرچاوەیەکی تری بۆ داھات دیاری کردووەو تەنھا لە مانگی کانونی دووەمدا ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری لە پارەی گومرگ دەستکەوتووەو ھۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ پێشخستنی میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی گومرگ.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، زیادبوونی داھاتی گومرگ لە عێراقدا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ھەوڵەکانی بەغداد بۆ وەرگرتنی قەرزی زیاتر لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
ھاوکات موزھیر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق، زانیارییەکانی باڵیۆزی ئەمریکای پشتڕاست کردەوەو لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جگە لە ھەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت داھاتی خاڵە گومرگییەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦دا بگاتە ٤ ملیار دۆلار کە ئەمەش زۆر لە پلانەکانی حکومەت زیاترەو ھۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی کورتھێنانی بودجە.