لە مانگی ئاداری رابردوودا، عێراق هەناردەکردنی نەوتی خۆی زیاد نەکردووە و پابەندبووە بەو بەڵێنەی کە بە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی داوە، بۆ سڕکردنی ئاستی هەناردەکاری نەوت، وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، کاریگەری لەسەر خێراکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دروستکردووە.
هەناردەکردنی نەوتی خاو لە عێراق، لە مانگی ئادار بە جێگیری ماوەتەوە، ئەمەش بەپێی داتاکانی کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، هاوکات سەرچاوەیەکی کەرتی نەوتی عێراقیش رایگەیاندووە وەستانی کاتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر خێراکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دروستکردووە.
سەڕەرای جێگیریبوونی ئاستی هەناردەکارییەکەی حکومەتی عێراق، بەشێوەیەکی زارەکی ئامادەی خۆی دەربڕییوە بۆ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی 17ی نیسانی داهاتوو لە دەوحە کە 20 بەرهەمهێنەری نەوت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێك لەسەر هاوسەنگکردنەوەی بازاڕەکان و بەرزکردنەوەی نرخی نەوت کۆدەبنەوە.
جێگربوونی ئاستی هەناردەکاری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە ، کە لەم مانگە نزیکەی 10 رۆژ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستان – جەیهان وەستا، بەهۆی هێرشکردنە سەر بۆڕییەکە و کونکردن و دزینی نەوت لەو بۆڕییە.
بەپێی داتاکان هەناردەکاری نەوتی عێراق تا 23ی ئادار رۆژانە لە ئاستی 3 ملیۆن و 350 هەزار بەرمیل نەوت بووە، ئەو ئاستەش نزیکە لەو ئاستەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ عێراق تۆماریکرد و هەناردەی نەوتی عێراق لەو مانگە رۆژانە 3 ملیۆن و 370 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
زۆرترین هەناردەکاری نەوتی عێراق لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوورە، سەڕەرای ئەوەی کە رۆژانە زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت لەڕێی خاکی تورکیاوە.
عێراق لە ساڵی رابردوو هەناردەکردنی نەوتی بە قەبارەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزکردەوە بەهۆی بەردەوامی شەڕی داعش و خەرجییە زۆرەکانی و گەورەبوونی قەبارەی کورتهێنانی بوودجەکەی.