ئامانجی كۆنفرانسی گەشتیاری نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر

 
بە ئامادەبوونی زیاتر لە 500 كۆمپانیای ناوخۆی و جیهانی كۆنفرانسی گەشتیاری نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا دەستی بەكارەكانی كرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
نادر ڕۆستی ؛وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان؛ ڕایگەیاند، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆمپانیاكانی گەشتوگوزار و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی گەشتیاری یەكێكێكە لەو چالاكیانەی كە هەرێمی كوردستان بە گەشتیاران و كۆمپانیاكانی گەشتیاری جیهان دەناسێنێت.
 
باسی لەوەشكردووە، ئەم كۆنفرانسە لە ژێر چاودێری سەرۆكی حوكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەبەسترێت، دەروازەیەكی گرنگە بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی گەشتیاری لە نێوان كوردستان و وڵاتانی گەشتیاری جیهان.
ئەوەشی خستەڕوو، كۆمپانیانی گەشتیاری هەرێم و خاوەن شوێنەكانی گەشتیاری هەرێم بانگێشتی كۆنفرانس كراون دەتوانن پەیوەندی پتەو لە نێوان خۆیان لە هەرێم و لە دەرەوە دروست بكەن و ڕۆلێكی گرنگ لە ڕێگای ڕێكخستنی كارەكانیان و ڕێكخستنی گەشتی گروپی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان ڕێكبخەن و كارئاسانی بۆ هاتنی گەشتیاران بكەن و خزمەتگوزاری شایستە بۆ گەشتیاران پێشكەش بكەن.
ئامانجەكانی كۆنفرانس
ئامانجەكانی سەرەكی ئەم كۆنفرانسە بریتین:
1- زیاتر ناساندنی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیاكانی هێنانی گەشتیار و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی گەشتیاری جیهان، وەك ناوچەیەكی ئارام و ناوچەیەكی دەوڵمەند بە بنەمای گەشتیاری.
2- بەیەكتری گەیاندنی كۆمپانیاكانی گەشتیاری هەرێم و كۆمپانیا بیانی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان
3- هێنانی گروپی گەشتیاری بۆ هەرێمی لە وڵاتانی بیانی.
4- پەرەپێدانی وەبەرهێنانی كەرتی گەشتیاری بە مەبەستی پێشكەوتنی كەرتی گەشتیاری.
5- هێنانی دراوی بیانی بۆ بازاڕەكانی هەرێم بۆ زیاتر بە جولەخستنی بازاڕەكانی هەرێم و بەهێزكردن و بوژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە چارەسەری بۆ قەیرانی ئابووری هەرێم و دەربازبوون لەم دۆخەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.
6- سەرخستنی ئەم ئامانجانە بە پالپشتی هەموو لایەك باشترین پالپشتیە بۆ هێزی پێشمەرگە كە ئەمرۆ بەنوێنەرایەتی جیهان شەڕی دڕندەترین گروپی تیرۆرستی جیهان دەكات و رۆژ دوای رۆژ سەركەوتنی تۆمار كردووە. 
7- پەرەپێدانی گەشت و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی سەر زەوی و دوركەوتنەوە لە ئاشوب و ناخۆشی.
بەستنی ئەم كۆنفرانسە و سەرخستنی ئامانجەكانی لەم ساتەوەختەدا، كە جیهان و ناوچەكە ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش بۆتەوە باشترین وەڵامە بۆ تێكشاندنی خەونە تێكدەر و وێرانكاریەكانی تیرۆرستان.
لەم كۆنفرانسە نزیكەی 500 كۆمپانیای جیهانی و كوردستانی بەشدار دەبن، كە 104 كۆمپانیای جیهانی لە 30 وڵاتی جیهانی و 72 كۆمپانیای عێراقی و 139 كۆمپانیای كوردستان و 176 وەبەرهێن و خاوەن هۆتێل، وەك ئەندام بەشدار دەبن، سەرەراِی میوانانی كۆنفرانس وەك كەسایەتی حكومی و سیاسی و مامۆستایانی زانكۆ كە بەشدار دەبن.