بە بۆنەی نەورۆزەوە هاتوچۆ لە مەرزی باشماخ رادەگیرێت

بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ئاشكرایدەكات، پێدەچێت بۆ ماوەی دوو رۆژ، جگە لەوەستانی هاتوچۆی تەنكەرەكانی گواستنەوەی سوتەمەنیش، هاتن و چوونی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگەرەكان لەدەروازەی باشماخدا بوەستێت.



شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ڕایگەیاند هەرچەندە بۆ ماوەی 10 رۆژ هاتن و چوونی تەنكەرەكانی گواستنەوەی سوتەمەنی لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان رادەگیرێت و بەهۆی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و 13 بەدەر كە ئەوەش بۆنەیەكی ئێرانە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئازاری 2016 قسەمان لەگەڵ گەوەر بەرپرسانی ئێران كرد و روونكردنەوەیان لەبارەی هاتوچۆی چەند جۆرێك لەئۆتۆمبێلی دیكە پێداین.



وتیشی، لەگەڵ برادەرانی ئێران قسەمان كردووە تا ئەم ساتە بڕیار نەدراوە بەهیچ شێوەیەك رێگە لەهاتنی ئۆتۆمبلێی بارهەڵگر بگیرێت، بەڵام پێدەچێت تەنیا رۆژانی (20 و 21/3/2016) هاتوچۆی ئەوانیش رابگیرێت.



روونیشیكردەوە،” بەوەستانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر زیانی ئەوەی دەبێت كە كرێكار و شۆفێران بێكاردەبن لەو كاتەدا و زیانە ئابوورییەكانیش لەلایەن ئێرانەوە قەرەبوو ناكرێنەوە بەرەسمی”.

 

 

سەرچاوا: دواڕۆژ