بۆرسە بریتیە لەوشوێنەی كە تەرخانكراوە بۆ كڕین و فرۆشتنی كاغەزە دراییەكان، لە بۆرسەدا كڕیار و فرۆشیارەكان لە كاتێكی دیاریكراودا، كۆدەبنەوە و كڕین و فرۆشتن بە پشك و قەواڵەو كاغەزە داراییەكانیانەوە دەكەن، ئەوەی بازاڕی بۆرسە لە بازاڕەكانی دیكە جیادەكاتەوە لەناویدا كاڵاوشمەك و كەلوپەلی تێدا نیە، ئەوەی كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت كاغەزی دارایی و سەنەدات و نەوت و مەوادی خۆراكی و كانزاییەكانە، كڕین وفرۆشتن لە بۆرسەدا یاسا و رێسای تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەر كەسەكە خاوەن ئەزمون و شارەزایی نەبێت رووبەڕووی زیانی گەورە دەبێتەوە، چونكە نرخەكان بە چركە بەرز و نزم دەكەن.
لە بۆرسەدا كڕیار و فرۆشیار نادیارن و یەكتر ناناسن، واتە فرۆشیاری پشك نازانێت ئەو كەسەی پشكەكەی لێدەكڕێت كێیەو كەسێكی شارەزاو بەئەزموون یان كڕیاری پشكی ئاسایی.
سەرەتای وشەی بۆرسە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی خانەوادەی (van der bursen) بەلجیكا كە لە سەدەی پانزەیەمدا، لەبواری بانك كاریان دەكرد، لە ئۆتێك لە شاری بروج كۆدەبوونەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەكرا، دواتر بەتێپەڕبوونی كات شوێنەكە بوو بەشوێنی سەرمایە و كڕین فرۆشتنی كاڵاوشمەك.
رۆڵی بۆرسە
بۆرسە لەرووی ئابوورییەوە رۆڵی زۆر گەورە دەبینێت لە رێكخستن و كۆكردنەوەی پارە پەرشوبڵاو و پاشەكەوتكراوەكان، شوێنێكی گرنگە بۆ حكومەت و كۆمپانیا و ئەو دامەزراوە ئابوورییانەی كە پارە و تەمویلیان پێویستە بۆ چالاكیەكانیان، واتە بۆرسە بۆ لایەنێك پارە یان قەرزیان دەستدەكەوێت، لایەنێكیش پاشەكەوت و قازانج.
بۆرسە چەند جۆرێك هەیە وەك:
– بۆرسەی كەولوپەل كە بەردەستە و دەفرۆشرێت وەك لۆكە، برنج، گەنم، ئاسن.
– بۆرسەی گرێبەستە بازرگانییەكان كە شمەكەكە بەردەست نیە.
– بازاڕی فوریكس بۆ ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لەدەرەوی بازاڕەكانی بۆرسە.
– بۆرسەی كانزا دەگمەنەكانی وەك ئاڵتون، ئەڵماس و پلاتین و زیو.
– بۆرسەی كاغەزە داراییەكانی وەك پشك، سەنەد.
لە بۆرسەدا تاكەكان بەشێوەی كەسی ناتوانن كڕین و فرۆشتن بە پشكەوە بكەن، بەڵكو دەبێت لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی دەڵاڵە (سمسرە)ەوە بێت، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی پرۆسەی كڕین و فرۆشتنەكە سەلامەت بێت، ئەو كۆمپانیایانە كاریان بەیەكترگەیاندنی فرۆشیار و كڕیارەكانە لەگەڵا لێكۆڵینەوە لە كەسەكان و ئەوەی هەیانە راستە یان نا.