نوێترین زانیاری‌ له‌سه‌ر خانه‌نشینی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ئێستادا كاره‌كانی ڕاپۆرتی لیژنه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌یاسای ڕاژه‌و خزمه‌ت‌و خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ ته‌واو بووه‌، پێده‌چێت پێش په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو، ئه‌و یاسایه‌ په‌سه‌ندبكرێت.
لە لێدوانێكیدا بۆ بۆ nna (نه‌جیبه‌ نه‌جیب) ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق باسی لەوە كردوە كە پرۆژه‌ یاسای‌ خانه‌نشینكردنی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق‌و وه‌ك ئه‌ندامانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ تاووتوێكردنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌باره‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ كردووه‌و پێده‌چێت پێش په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2013)، ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ په‌سه‌ندبكرێت.
نه‌جیبه‌ نه‌جیب ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، هه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌ك كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقه‌وه‌ په‌سه‌ندبكرێت‌و بكرێته‌ بڕیار، پێویسته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم پابه‌ندبن پێوه‌ی‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان‌و كاروباره‌ داراییه‌كان له‌سه‌رجه‌م دام‌وده‌زگا حكومییه‌كاندا.
وته‌كانی‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ردو لیژنه‌ی یاسایی‌و ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، ڕاپۆرتی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ڕاژه‌و خزمه‌ت‌و خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆی‌ ته‌واو كردوو به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ش، كارمه‌نده‌كانی هێزه‌كانی ناوخۆو ئاسایش به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆیان، به‌(80%)ی كۆی موچه‌و ده‌رماڵه‌كانیان به‌ (15)ساڵ خزمه‌ت خانه‌نشین ده‌كرێن.
—————————————————————–
به‌ڵێن هه‌ڵه‌بجه‌یی‌-NNA/(/)