دوا رۆژەکانی تەمەنی لادن چۆن گوزەراوە؟

رۆژنامەی “الشرق الاوسط”  هەندێک زانیاری لەبارەی دوایین رۆژەکانی ئوسامە بن لادنی سەرۆکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بڵاوکردەوە پێش ئەوەی لەلایەن تیمێکی کۆماندۆی ئەمەریکییەوە بکوژرێت.
رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێکی پاکستانیەوە بڵاویکردووەتەوە بن لادن رۆژەکانی کۆتایی تەمەنی بەترسەوە بەڕێکردووە و وازی لە وەرزش هێناوە دوای ئەوەی بە رێکەوت کچی یەکێک لە یاریدەدەرەکانی بینویەتی، لەو کاتەوە بن لادن لە خۆ دەرخستنی و بەجێهێشتنی حەشارگەکەی دەترسا.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی پاکستانی سەربەخۆ کە تێیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەفسەرو هاوسەرەکانی بن لادن و دانیشتوانی ناوچەی “ئابوت ئاباد” کراوە کە بن لادن لەوێدا کوژرا، هیچ یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیانزانیوە کە بن لادن لەو شوێنە دەژی.
بەپێی سەرچاوەکان بن لادن دوای ئەوەی بەرێکەوت کچی یەکێک لە یاریدەدەرەکانی دەیبنێت و دەیناسێتەوە، کە پێشتر وێنەکەی لەسەر تەلەفزیۆن بینیبوو، وازی لە وەرزشی راکردن هێناوە کە پێشتر ئەنجامی دەدا.
هەر بەهۆی بینینی لەلایەن ئەو کەسەوە بە رێکەوت، بن لادن کۆبونەوەیەکی ئەمنی لەناوچەی نیشته جێ بوونی کردووەو بڕیاریداوە کەمتر دەربکەوێت و لەچەند هەفتەی پێش کوشتنیدا لەپشت دەرگاکانەوە دەمایەوەو پێی نەدەنایە دەرەوەی شوێنەکەی.