حكومەت دەیەوێت باجی هاوردەكردنی زێڕ كەمبكاتەوە

لە دوو مانگی رابردوو هاوردەکردنی زێڕ بۆ باشووری كوردستان بەڕێژەی %45 دابەزیوە و حکومەتی هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت باجی هاوردەکردنی زێڕ کەمبکاتەوە.

  

بەهۆی سستبوونەوەی بازاڕی زێڕ لە باشووری کوردستان، بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجی ناکرێت، ئێستا بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی باجی هەرێمی کوردستان بیر لەوە دەکەنەوە، رێژەی باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ کەمبکەنەوە.



بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی کڕیار، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی زێڕ جێبەجێ ناکات، کە بڕیاربوو بۆ هەر کیلۆیەک 315 هەزار دینار وەربگرێت، ئێستا دەیەوێت بڕی باجەکە بۆ 180 هەزار دینار کەمبکاتەوە، بەڵام هێشتا زێڕەنگەران ناڕازین و داوای کەمکردنەوەی زیاتر دەکەن.



بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، ئەمساڵ لە باشووری کوردستان کۆڵانەکانی بازاڕی زێڕنگەران چۆڵبووە و کریاری زێڕ 80% کەمبووەتەوە، لەسەرەتای ساڵی 2011 باجی هاوردەکردنی کیلۆیەک زێڕ 50 هەزار دینار بوو، ساڵی 2014 کەمبووەتەوە بۆ 10 هەزار دینار، بەڵام ساڵی 2015 زیادکرا بۆ 315 هەزار دینار.



بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری هەولێر، ساڵی 2013 زیاتر لە 100 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە. ساڵی 2014 رێژەکە کەمبووەتەوە بۆ 76 تۆن. ساڵی 2015 نزیکەی 60 تۆن زێر هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.