بەرزبونەوەی هەردۆلارێک لەنرخی نەوت چەند قازانجی کوردستانە؟

 
بە بەرزبوونەوەی هەر دۆلارێك لە نرخی نەوت، مانگانە 18ملیۆن دۆلار داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت، ئەوە لەكاتێكدا لەماوەی مانگی 1 تاوەکو ئێستا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت زیاتر لە 10دۆلار بەرزبووەتەوە.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی ‌و وزە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: “بە‌و پێیەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەحاڵەتی ئاساییدا رۆژانە 600 هەزار بەرمیلە، ئەگەر نرخی نەوت یەك دۆلاریش بەرزبێتەوە داهاتی مانگانە هەرێمی كوردستان 18ملیۆن دۆلار زیاد دەبێت”.
ئەو جەختی لەوەش كردەوە كە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت سیاسیە نەك ئابووری، هەر وەك گوتی “چەند رووسیا ‌و ئەمریكا لێكنزیك ببنەوە، نرخی نەوت ئەوەندە بەرز دەبێتەوە”.
جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە ئەوەشی خستەڕوو”بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 65دۆلار لەهەرێمی كوردستاندا كێشەی دواكەوتنی مووچە چارەسەر دەبێت و دەشتوانین دەست بە بەشێك لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بكەینەوە”.
لەمانگی یەكی ئەمساڵدا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی دابەزی، بەجۆرێك نرخی یەك بەرمیل نەوتی جۆری برێنت بۆ26 دۆلار دابەزی، بەڵام رۆژی شەممە 5-3-2016 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 38 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.