بەغدا 850 ملیۆن دۆلار بە مەرج بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت

 
بەغدا بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان بڕی 850 ملیۆن دۆلار دەداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیرێكی حكومەتی عێراقیش ئاشكرایدەکات “ئەو پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە لەو قەرزەی عێراق وەریگرتووە”.
د.دەرباز محەممەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند: “لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە لەم هەفتەیە بەڕێوەچوو بڕیاردرا حکومەتی عێراق بڕی 850 ملیۆن دۆلار بداتە هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان ئەو پارەیەش قەرزەو حكومەتی عێراق دەیداتەوە”.
د.دەرباز محەممەد وتی:” ئەم بڕە پارەیە وەكو پشكی 17% ی هەرێمی كوردستان لەو 5 ملیار دۆلارە دەدرێت كە لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان بە قەرز”.
وەزیری كۆچ و كۆچبەران ئاشكرایدەكات حكومەتی عێراقی بە مەرج ئەو پارەیە دەداتە هەرێمی كوردستان ئەویش پابەندبوونە داراییەكانی بەرامبەر بە حكومەتی عێراق جێبەجێبكات كە لە یاسای بودجەدا هاتووە.
بەپێی یاسایی بودجەی گشتی ساڵی 2016 عێراق، پێویستە هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆیی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات، بەڵام بەهۆی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی راستەوخۆ دەستی بە فرۆشتنی نەوت كرد و رێككەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەكرا.