هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەسنووری ته‌وێڵه‌- شوشمێ هاتووچۆی گه‌شتیاریش بكرێت

 
تا ئێستا ته‌نیا هاتووچۆی بازرگانی له‌ سنووری ته‌وێڵه ‌- شوشمێ ده‌كرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت هاتووچۆی گه‌شتیاریش بۆ سنووره‌كه‌ زیاد بكات، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ڵامی نیبه‌.



لە رۆژی 28-9-2014 رێككه‌وتنێك له‌نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بۆ كردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاری لە سنوورەكە واژۆكرا، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كه‌وتووه‌ته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.



ئه‌ركان حه‌سه‌ن، قائیمقامی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دەڵێت “له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وان زۆر پێداگرییان ده‌كرد و په‌له‌یان له‌ ئێمه‌ ده‌كرد، چه‌ندین جار په‌یوه‌ندیان پێوهده‌كردین، به‌ڵام ئێستا ئه‌وان زیاتر ساردبوونه‌ته‌وه‌ و كاره‌كه‌ دواده‌خه‌ن. ئێستا ئه‌وان گه‌مارۆكانیان له‌سه‌ر سووكبووه‌ و ده‌روازه‌ی دیكه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و پێویستیان به‌ ئێره‌ نه‌ماوه‌”.



له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه له‌ مێژه‌‌ كار بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ سنووره‌كه‌ بكرێته‌ نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئەوەش چاوه‌ڕێی ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراقی و كۆماری ئیسلامی ئێرانن.