ڕوسیا لەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوت زیاد ناكات

 
سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند لەمساڵدا وڵاتەكەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد ناكات.
 
ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند:  كۆمپانیا نەوتییەكانی وڵاتەكەی رێككەوتون لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر نەكەن.
 
وتیشی: وەزیری وزەی روسیا لەڕاپۆرتێكیدا تەئكیدیكردۆتەوە كە سەرجەم كۆمپانیا نەوتییەكانی وڵاتەكەی رەزامەندن لەسەر بەرز نەكردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت لەمساڵدا، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە سەرەتاییەیی سەبارەت بەكەمكردنەوی بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان روسیا و سعودییە و قەتەر و ڤەنزوێلادا ئیمزا كراوە.
 
مانگی رابردوو روسیا و سعودیە و قەتەر و ڤەنزویلا رێككەوتنێكی سەرەتاییان بۆ كەمكردنەوەی نەوت ئیمزا كرد، بەهۆیەوە تاڕادەیەك نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی تۆماركرد، بەڵام روسیا و سعودیە بەمەرجێك رازی بوون كە ئێرانیش پابەندبێت بەكەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆی. لەبەرامبەریشدا ئێران رەتیكردەوە هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی كەمبكاتەوە بەهۆی ئەوەی لە ماوەی  4ساڵی رابردوودا سزا سەپێنراوەكانی سەر وڵاتەكەی، بەرهەمی نەوتی ئێرانی بۆ نیوە دابەزاندووە.