عێراق رۆژانە 35 ملیۆن مەتری چوار گۆشە غازی ئێران دەكڕێت

 
بەڕێوەبەری كاروباری نێودەوڵەتی كۆمپانیای نەتەوەی غازی ئێران رایگەیاند، لە وەرزی بەهاردا غازی ئێران رەوانەی بەغداد دەكەین.
ئاژانسی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ عێراق لەماوەی دوو ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەنەبوونی عێراق و چەندین جار ئەو بابەتە دواخراوە، دەبوایە هەناردەی غاز بۆ عێراق ساڵی 2014 ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی عێراق دواخراوە بۆ ئەمساڵ.
هەرچەندە غازی ئێران ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، بەڵام لایەنی عێراقی بەهۆكاری ئەمنی و نەبوونی مەرجی هونەری داوایكردووە بۆ بەهاری ئەمساڵ دوابخرێت.
عەزیزوڵڵا رەمەزانی بەڕێوەبەری كاروباری نێودەوڵەتی كۆمپانیایی نەتەوەی غازی ئێران وتی، لە ئێستادا شاندێكی عێراقی بۆ ئەو مەبەستە لە ئێرانن و بڕیارە سەردانی وێستگەی نەوتی ئەندازەیی بكەن.
ناوبراو سەبارەت بە ئامادەیی عێراق بۆ وەرگرتنی غازی ئێران وتی، ئێران چاوەڕێی مەرجەكانی عێراقە.
رەمەزانی رونیشیكردەوە، پێشتر بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لەو بارەوە كۆبوونەتەوە و ئێستاش شاندەكە لە ئێرانن و لە بەڕێوەبەران و پسپۆڕانی عێراقی وەزارەتی كارەبا پێكهاتوون و ئێستا بە بانگهێشتێك لە ئێرانن.
ناوبراو ئاشكراشیكرد، بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە بگەنە وێستگەی ئەندازەیی نەوت و لەوێ گفتوگۆ لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن.
ئێران دوو بۆچونی سەبارەت بە هەناردەی غاز داوە بە عێراق، كە بریتییە لە هەناردەی غاز بۆ بەغدا و دواتر بۆ بەسرە.
بڕیاریشە رۆژانە عێراق بە ڕێژەی چوار ملیۆن مەتری چوارگۆشە غاز وەربگرێت و لە داهاتووشدا ئەم رێژەیە بۆ 35 مەتری چوارگۆشە بەرز دەبێتەوە.