بارزانی‌: له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتم مالكی‌ تاكڕه‌وه‌، به‌ڵام كه‌س پشتیوانی‌ نه‌كردم

بارزانی‌: له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتم مالكی‌ تاكڕه‌وه‌، به‌ڵام كه‌س پشتیوانی‌ نه‌كردم
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، كورد به‌رده‌وامده‌بێت له‌به‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق‌و هیچ كه‌سیش ناتوانێت كورد له‌و به‌شداریكردنه‌ بێبه‌ش بكات.
له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (زه‌مان) كه‌ بڕیاروایه‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ درێژه‌ی‌ دیداره‌كه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، (مه‌سعود بارزانی) سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌، كورد به‌رده‌وامده‌بێت له‌به‌شداریكردنی‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق‌و به‌هۆی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، به‌غدا به‌جێناهێڵێت.
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، به‌غدا موڵكی‌ هه‌موو عێراقیه‌كانه‌و موڵكی‌ تاكه‌ كه‌سێك نییه‌و هیچ كه‌سیش ناتوانێت كوردی لێ بێبه‌ش بكات.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، (نوری مالكی) سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌كه‌سێكی‌ تاكڕه‌و له‌عێراقدا ناوبردووه‌و لێپرسینه‌وه‌ش له‌سه‌رۆك وه‌زیران، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمارو سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی عێراق.
مه‌سعود بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و ڕایگه‌یاندووه‌، نا بۆ بڕیاره‌ تاكڕه‌وانه‌كانی‌ مالكی‌، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باسیكردووه‌؛ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك پشتیوانی‌ نه‌كردووه‌.